ئیدارەی بایدن هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان چر دەکاتەوە

وێنەیەک لەو باڵەخانانەی لە لوبنان بەر هێرشی ئیسرائیل کەوتوون
وێنەیەک لەو باڵەخانانەی لە لوبنان بەر هێرشی ئیسرائیل کەوتوون

ئیدارەی جۆبایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە سەرووبەندی كۆتاییھاتنی دەسەڵاتەكەی ھەوڵەكانی بۆ كۆتاییھێنان بە شەڕ و گرژییەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چڕدەكاتەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بڵاویكردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە بەنیازە لەو ماوەیەی کە ماوە کاربکات بۆ چارەکردنی پرسەکان، دەست بە هەوڵەکانی بکات، لەوانە ئاگربەست لە غەززە و لوبنان. ئەمەش لە كاتێكدایە كە دوو بەرپرسی باڵای کۆشکی سپی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دوا هەوڵەكان بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئەنجامیان نەبووە، بۆیە ئەمریكا ئامۆژگاری بەرپرسانی قەتەری کردووە سەرکردەکانی حەماس لە وڵاتەکەیان دەربکەن.

ئیدارەی جۆبایدن، لەدوا ساتەكانیدا ھەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ كۆتاییھێنان بە شەڕی غەززە و لوبنان.

لەو چوارچێوەیەشدا و لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاوێژی لەگەڵ ھەریەكە لە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، سعودیە و ئیماراتی کردووە و داوای ئاگربەستی خێرا لەو ناوچانە دەکات.

 ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، بلینکن لە گفتوگۆكانیدا خوازیاری ئاگربەست بووە لە غەززە و چارەسەری دیپلۆماسی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان لە زووترین کاتدا.

ئەو دوو بەرپرسەی ئەمریکا ئاشکراشیانکردووە، ماوەی نزیکەی دە رۆژە، بەرپرسانی قەتەر سەرکردەکانی حەماسیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی قەتەر بەجێبهێڵن.

ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023، بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەكان، تاوەكو ئێستا ئەنتونی بلینكن یانزدە جار سەردانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی كردووە، بەڵام ھیچ ئەنجامێكی نەبووە، سەرەنجام نەگەیشتنی ھەوڵەكانی ئیدارەی بایدن ئاماژەی ڕوونی بوونی ئاڵنكاری جددین لەبەردەم كۆشكی سپی، ئەو ئالنگارییانەی كە ھاوكاتن لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش، بۆیە ئێستا لەگەڵ ئەو ماوە كەمەی لەبەردەم ئیدارەی جۆ بایدن ماوە، دەبێت چاوەڕێ بكرێت ئاخۆ توانای بەسەرەنجام گەیشتنی ھەوڵەكانی ھەیە یاخود نا، هاوکات دەبێت دۆسییەكە رادەستی ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی، واتە دۆناڵد ترەمپ و كابینەكەی بكات.