ئەمەریکا بۆ چاککردنەوەی چەکەکانی خۆی کۆمپانیایەکی سەربازیی ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەمەریکا پلانی هەیە ژمارەیەکی کەم لە کارمەندانی کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکان بنێرێتە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی چاودێریی تەکنیکی ئەو چەکانەی ئەمەریکا بکەن کە بۆ کیێڤ دابینی کردووە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا وەک پشتیوانی سەرەکی ئۆکرانیا، پێشتر کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکانی ئەمەریکای بۆ کارکردن لە ئۆکرانیا، لە سەرەتای جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە شوباتی 2022 قەدەغە کرد، لەبەر ئەوەی واشنتن زیاتر لە 60 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتی سەربازیی ئۆکرانیا تەرخان کردووە.
ئەو بەرپرسە ڕوونیکردەوە، ئەو کارمەندانە لە بەرەکانی پێشەوە نزیک نابن و بەشداریی شەڕ لە دژی رووسیا ناکەن." پاشان گوتی: ئەرکیان یارمەتیدانی سوپای ئۆکرانیا دەبێت بۆ پاراستن و چاککردنەوەی ئەو کەلوپەلە ئەمریکیانەیە کە بۆ ئۆکرانیا نێردراوە، وەک ئێف 16 و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بە خێرایی ئەو چەکانە لە جەنگ بەکاردەهێنرێنەوە.
ئەو بەرپرسە گوتیشی: ئەم هەنگاوە لەبەر ئەوە دێت کە هەندێک لە کەلوپەلی سەربازی ئەمەریکا کە لە چەند مانگی داهاتوودا بۆ ئۆکرانیا نێردراون یان دەنێردرێن، پێویستیان بە شارەزایی تەکنیکی تایبەت هەیە بۆ چاککردنەوە..
لە سەرەتای شەڕەکەوە، ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر چەک و کەلوپەلی سەربازی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە، لەوانە مووشەک هاوێژ و تانک و ئۆتۆمبێلی دیکە.