سەباح هەورامی: حاڵهتهكانی سكچوون و ڕشانهوه بههۆی پیسبوونی ئاو بووه
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات، هەموو ئەو هاووڵاتییانەی شارەزوور کە تووشی سکچوون و ڕشانەوە ببوون، چارەی پێویستییان بۆ کراوە و هیچ کەسێک گیانی لە دەست نەداوە.
ئەمڕۆ شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: توشبوونی دانیشتووانی سارەزوور بە سکچوون ڕشانەوە بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە بووە کە تێکەڵ بووە لەگەڵ ئاوی ئاوەڕۆکان.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، دەڵێت: لە ئەنجامی بارانی زۆری ئەم هەفتەیە و شکانی بۆڕییەکانی ئاوەڕۆ و تێکەڵبوونی لەگەڵ ئاوی خواردنەوە ئەم کێشەیەی لێکەوتووەتەوە.
ناوبراو گوتیشی: هەموو تووشبووان چارەی پێویستییان بۆ کراوە و هیچ کەسێک گیانی لە دەست نەداوە.
لەلایکی دیکەوە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەمان کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: بە پێی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی وەزارەت، هیچکام لەو کەسانەی شارەزوور کە تووشی سکچوون و ڕشانەوەبوونە، تووشبووی کۆلێرا نەبوونە
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: تیمەکانی وەزارەت دوانزدە رێکاری خێرایان بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی توشبوونی هاووڵاتییانی شارەزوور بە سکچوون و ڕشانەوە گرتووەتەبەر، هۆکاری توشبوونەکەش هەوکردنی بەکتریایی بووە.