ئەکسیۆس: ئیسرائیل پێشوازیی لە بڕیاری کشانەوەی قەتەر لە نێوەندگیری شهڕی غهززه دەکات
بەرپرسێکی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کشانەوەی قەتەر لە ڕۆڵی نێوەندگیری ئیسرائیل و حەماس و هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بە ئەرێنی پێناسەی دەکەین.
رۆژی شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، حەماس بزووتنەوەیەکی "تیرۆریستییە" و ئیسرائیل داوا دەکات هیچ وڵاتێک یارمەتییان نەدات.
بە گوێرەی پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، بەرپرسە ئیسرائیلییەکە، کشانەوەی قەتەری لە ڕۆڵی نێوەنگیری ئیسرائیل و حەماس و هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بە ئەرێنی پێناسە دەکات و پێشوازیشی لێ دەکات.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و سەرکەوتنی ترەمپ، بەشدار بووە لە دەرکردنی ئەم بڕیارەی قەتەر.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵەکانی نێوەندگیری ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی دیلەکان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لە ڕێگەی میسر، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەوە بەردەوام دەبن.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندبوو، قەتەر بە حەماسی گوتووە کە نووسینگەکەی لە دەوحە چیتر خزمەت بە ئامانجەکەی ناکات و پێویستە دابخرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دابوو، قەتەر لە ڕۆڵی نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کشایەوە.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیاندبوو، حەماس ئەو دەنگۆیانەی هەموو ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن ئیتر لە قەتەر شوێنیان نابێتەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردبوو، پێشتریش تۆمەتی هاوشێوە بڵاو بووەتەوە بەبێ ئەوەی بەڵگەی پشتڕاستکراوە هەبێت.