خوێندنی باڵا: تا یەکلایکردنەوەی تاقیکردنەوەکان، ئەنجامی وەرگرتن لە قوتابخانە نێودەوڵەتیەکان ڕاناگەیەنرێت

وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستىی ڕایگەیاند، تا یەکلایکردنەوەی پرسی تاقیکردنەوەکان، ئەنجامی وەرگرتن لە قوتابخانە نیودەوڵەتیەکان ڕاناگەیەنرێت.

یەکشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایدەگەیاند، ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ـی قوتابخانە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەپێى ئەو نمرانەى کە لەلایەن وەزارەتى پەروەردە بەدەستمان گەیشتووە ئامادەیە.

ڕاشیگەیاند، بەهۆی بڵاوبونەوەی چەند ڕاپۆرتێک لە کەناڵە جیا جیاکانی ڕاگەیاندن، لەبارەی پرسی تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە نێودەوڵەتیەکان و هەروەها لەسەر داواکارى بەشێک لەو دەرچووانە و کەسوکارەکانیان، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان لەبەر چەند گرفتێک ڕاگیراوە تا ئەوکاتەی ئەو پرسە بەتەواوەتی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە یەکلای دەکرێتەوە و وەزارەتەکەمانی لێ ئاگادار دەکەنەوە.