ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان قاسم ئەعرەجی و عەباس عێراقچی
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ بووەنەوە و تیایدا گفتوگۆیان لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2024، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتنە تاران و لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازیی کران.
نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی نێوان ئەعرەجی و ڕێبەر ئەحمەد لەگەڵ عەباس عێراقچی، گفتوگۆ لەباری دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ناوچەکە بە تایبەتی کرا.
هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران کرد و، جەختیان لە بەردەوامی هاریکاریی بۆ سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لەسەر سنوور کردەوە.
گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو ئاستەکاندا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2024، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە یاوەری ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.
کوردستان24 زانیویەتی، سەردانەکەی ئەعرەجی لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران دێت، هاوکات گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەیە.