حەسەن توران: دەبێت سەرژمێریی 1957 بە بنەما وەربگیرێت

سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق ڕایگەیاند: سەرژمێری بۆ مەبەستی گەشەپێدانە و پێویستە سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما وەبگیرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2024، حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: نەبوونی بژاردەی نەتەوە لە سەرژمێری گرنگە چونکە بەدواداچوون بۆ لیستی دەنگدەران و تۆمارەکان نەکراوە.

سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق، ڕایگەیاند: دەبێت سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما وەربگیرێت،  ئەگەر ئەمە بکرێت، نیگەرانییەکانمان زۆر نابن.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا: ترسی ئێمە ئەوەیە کەسانێک لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 1957 ناویان نەبێت و سەر بە پارێزگای دیکە بن بەڵام لە رێگەی ئەم سەرژمێرییەوە بە کەرکووکی هەژمار بکرێن، نابێت ئەوانە لە ناسنامە بە کەرکووکی هەژمار بکرێن یان پسولەی خۆراکیان پێبدرێت، ئێمە دژی ئەوەین، سەرژمێرییەکە تەنیا بۆ مەبەستی گەشەپێدانە.

بڕیارە 20ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و یه‌كه‌م سه‌رژمێرییه‌ له‌ دوای 26 ساڵی ڕابردوودا.