فوئاد حوسێن لەگەڵ هاوتا سووری و لوبنانییەکەی جەخت لەسەر ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچەکە دەکەن
وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا لوبنانی و سوورییەکەی لە لووتکەی ئیسلامی عەرەبی ڕیاز، لەسەر ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچەکە کۆبوەوە.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، فواد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، لەگەڵ عەبدوڵڵا بو حەبیب، وەزیری دەرەوەی لوبنان و بەسام سەباغ، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پەراوێزی لووتکەی عەرەبی ئیسلامی کە لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوەچوو، گفتوگۆیان سەبارەت بە ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچەکەدا کرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئالنگارییەکان و پێشهاتەکانی دۆخی ئێستەی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە.
وەزیرەکان جەختیان لە گرنگی بەرزکردنەوەی هاوکاریی و هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان و گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە". هەروەها باسیان لەوەشکرد، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت بۆ وەستاندنی پەرەسەندنی شەڕەکە و پابەندبوون بە بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان.