لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ گرێبەستە گوماناویەکانی وەزارەتی بەرگری عێراق پێکهێنرا

سەرچاوەیەکی ئاگەدار ئاشکرایکرد، لیژنەی دەستەی دەسترپاکی لە پەرلەمانی عێراق، دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە گرێبەستە گوماناوییەکانی وەزارەتی بەرگری عێراق.

ئەو سەرچاوەیە بە مێدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاند، "لیژنەی دەستەی دەستپاکی پەرلەمان، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە گرێبەستە گوماناوییەکانی وەزارەتی بەرگری".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "ڕاسپاردەکانی لیژنەکە دەخرێنە دەست سەرۆکایەتیی دەستپاکی پەرلەمان لەکاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان"، جەختیشی کردەوە، "لێکۆڵینەوەکە لە سەرجەم گرێبەستە گوماناویەکان دەکرێت".

لیژنەی دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق بە کۆی دەنگ ڕێککەوتن لەسەر دووبارە لێکۆڵینەوە لەو گرێبەستانەی کە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و بازرگانی لە ساڵی 2006ەوە تا ئێستا کردوویانە، لە چوارچێوەی لێپێچینەوە لە گەندەڵییەکان، کە زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە، ئەویش بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.