ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕکرا

ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، ئەمشەو کابینەی "ئەنجوومەنی بچووکی ئەمنی" کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان.

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، "ئیسرائیل و لوبنان و ئەمەریکا ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئاگربەستیان ئاڵوگۆڕ کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دەکەن".

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانەوە ڕایگەیاندووە، "چانسی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە لوبنان زۆرە".

ڕۆژی یەکشەممە، 10-11-2024، وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، "بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 3189 کەس کوژراون و 14078 کەسیش بریندار بوون".

لە 23ـی ئەیلوولی 2024ەوە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر لوبنان، کە جگە لەکوژران و برینداربوونی زیاتر لە 17 هەزار کەس، زیاتر لە ملیۆنێک لوبنانیش ئاوارەبوون، نزیکەی 70 هەزاریان ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون.