سوودانی بەرەو سعوودیە بەڕێکەوت
سوودانی بەشداری لە لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی دەکات
محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەمەستی بەشداری لە لوتکەی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی بەرەو ڕیازی پایتەختی سعوودیە بەڕێکەوت.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2024، لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ڕیازی سعوودییە لە سەر شەڕی غەززە و لوبنان و دوای پێشهاتەکانی ناوچەکە گفتوگۆ بکەن بە مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکان و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023، پاش هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هەڵگیرسانی شەڕی غەززە و دواتریش شەڕی لوبنان ئەمە دووەمی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامییە بۆ ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حزبوڵڵا بەڕێوە دەچێت، لوتکەی یەکەمە لە 11ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو.
لە لوتکەکەی ساڵی ڕابردوو هەڵوێستەکان بەو ئاراستەیە بوو کە پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماتییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ڕابگیرێن بۆ ئەوەی ببێتە فشارێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بەڵام دۆخەکە هێدەی دیکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە مەترسی فراوانتربوونی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بووە.