‏ 253 کەس لە خۆپیشاندانەکانی باکووری کوردستان دەستگیر کراون

خۆپیشاندان لە دژی دانانی قەیووم لە باکووری کوردستان
خۆپیشاندان لە دژی دانانی قەیووم لە باکووری کوردستان

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڵاویکردووتەوە، لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی باکووری کوردستان، 253 کەس بەهۆی ڕووبەرووبوونەوە و بەردباران کردنی هێزە ئەمنییەکان دەستگیر کراون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەبارەی ڕووداوەکانی دوای دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەتی لە باکووری کوردستان و دانانی قەیووم لە شوێنەکانیان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، 253 کەس کە بەشدارییان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دانانی قەیوم کردووە، ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە و توندوتیژیان بەکارهێناوە، هەربۆیە دەستگیر گیراون.

هەروا ئاماژەیداوە، 33 کەس لەو 253 تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون، دوای لێکۆڵینەوە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بە تۆمەتەکانی "بانگەشەکردن بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی، سەرپێچیکردنی یاسای ژمارە 2911 سەبارەت بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکان" بڕیاری بەندکردنیان بۆ دەرچووە. 

دووشەممە 4ی ئەم مانگە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دوورخستنەوەی هەر یەک لە سەرۆک شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەتی لە باکووری کوردستاندا و بە قەیووم پۆستەکانی پڕکردەوە.

لە دژی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین چالاکی ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانییەکانی هەرسێ شارەکەی باکووری کوردستان بەڕێوە چوون و لایەنگرانی دەم پارتی داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان دەکەن. 

پێشتر ئەحمەد تورک، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی مێردین لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، بڕیارەکەی بە "نادادپەروەری و دژی بەهاکانی دیموکراسی" ناوبرد و دووپاتیکردەوە "وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕێزی لە ئیرادەی خەڵکی کورد نەگرتووە و بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستینەوە."