جووتیارانی سەرگەڕان لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک لە کۆبوونەوەدان
جووتیارانی کورد بۆ ئامادەبوون لە دادگای فیدراڵی سبەی دەچنەوە بەغدا
سوپای عێراق جارێکی دیکە لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان و گوندەکانی دەوروبەریی ڕێگری لە جووتیارانی کورد دەکەنەوە بۆ ئەوەی نەتوانن زەوییەکانیان وەبەربێنن، بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیەش ئێستا لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک لە کۆبوونەوەدان.
محەممەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، ڕێگرییەکە لە لایەن هێزەکانی فیرقەی هەشتی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک لە جوتیاران دەکرێت، بە پاساوی ئەوەی ئەو زەوییانەی جووتیارانی کورد وەبەری دەهێنن، کێشە لەسەرن.
هەروەها بەر لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری کەرکوو، محەممەد ئەمین گوتی: ئێستا لە دیوانی پارێزگای کەرکووکین و لەگەڵ ڕێبوار تەها پارێزگار بۆ چارەکردنی ئەم پرسە کۆ دەبینەوە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای جووتیارانی کورد بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتی: سبەی سێشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2024، دەچینەوە بەغدا بۆ بەشداربوون لە دانیشتنەکەی دادگا.
هەروەها گەشبینی خۆی بۆ کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی دەبڕی کە بڕیارە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر سکاڵایانە بدات کە جووتیارانی سنووری شارەدێی سەرگەڕان و داقووق تۆماریان کردووە لە دژی زەوتکردنی زەوییەکانیان بە بڕیارەکانی 949 و 824ی سەردەمی بەعس.
پێشتر دادگای فیدراڵی عێراق لە 21ی تەممووزی ئەم ساڵ دانیشتنی دادگای لەسەر هەردوو سکاڵاکە بۆ 15ی ئەیلوول دواخست، ڕۆژی دواتر جارێکی دیکە دانیشتنی دادگای بۆ 13ی تشرینی دووەمی 2024 دواخست.