ڤیان سەبری: تاوکوو ئێستە حکوومەتی عێراق پارەیەکی زۆری گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق نزیکەی سێ هەفتەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مانگی 10ـی ڕەوانەی بەغدا کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-11-2024، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بابەتی مووچە و سەرژمێری سەردانی بەغدایان کردبوو".

گوتیشی: ئێمە باش دەزانین پێش چەند ڕۆژێک ڕاپۆرتێکی چاودێری دارایی فیدرالی هەبوو، هەندێک کێشە و گرفتی تێدابوو، کە وایان دانابوو تاوەکوو سەری ساڵ گرفتەکان تەواو بێت"، باسی لەوەش کرد، "نزیکەی سێ هەفتەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مانگی 10ـی ڕەوانەی بەغدا کردووە".

ڕاشیگەیاند، "پرۆسەی بایۆمەتری بەشێوەیەکی ڕێک و پێک بەڕێوەدەچێت، کە ئەوە یەکێک بوو لەو کێشانە، هەروەها پرسی پێشمەرگە کە ئێستا گفتوگۆ لەوبارەوە بەردەوامە، بۆ نموونە لیو هاوبەشەکان، یان پێشمەرگە هەیە گواستراوەتەوە یان پلەی وەزیفیان، کە ئەو بابەتانە دەبڤێت جارەسەر بێت".

ڤیان سەبری دەشڵێت: "پرسی وانەبێژانی سنووری ماددەی 140 کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەیان بۆ دابین دەکات، کە ئەوەش یەکێکی دیکەیە لەو گرفتانەی هەیە، بەگشتی کێشەکان ئەوەندە گەورە نین".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، "چەندین ساڵە حیساباتی کۆتایی نەکراوە لە عێراق، کە پێوستە هەموو ساڵێک بێتە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئێمەش سیری حیساباتی کۆتایی بکەین، دواتر لەناو دەستووردا دەستەیەک هەیە کە پێی دەڵێن 'دەستەی چاودێری داهاتی فیدرالی ' ئەو دەستەیە پێویستە کارا ببێت، تاوەکو بزانین ئەو دهاتانەی فیدرالی چەندە، کە چەند هاتییە بۆ حکوومەتی عێراق و چەند چووە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها چەندی چووە بۆ پارێزگاکان".

دەشڵێت: "پێویستە 13 تریلیۆن و 240 ملیار دینار بە پارەی مووچە و وەبەرهێنان بدرێتە هەرێمی کوردستان، کە ئەوە لە بودجەدا دەنگمان لەسەرداوە، واتە پێویستە وەزارەتی دارایی فیدرال مانگانە 800 ملیار دینار بداتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان". 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکوو ئێستە حکوومەتی عێراق بڕێکی زۆری شایستەیی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە، لە کاتێکدا دەبووایە لەمێژە ئەو بڕە پارەیە بەسەر جووتیاراندا خەرج کرابا".