ئێران ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی بەرز دەنرخێنێت
ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێران ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی بەرز دەنرخێنێت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق قاسم ئەعرەجی و شاندی یاوەری کە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵە، ئەمڕۆ دووشەممە لە تاران لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێران عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان کۆبوونەوە.
دووشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2024، نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لایەنەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە گفتوگۆ کرا، پرسی بەهێزکردنی هەماهەنگییە ئەمنی و سیاسییەکان لەنێوان بەغدا و تاران تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوەکە بوو.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، دووپات لە پێویستی هەماهەنگیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە کرایەوە لەبواری هەماهەنگیی ئەمنی بۆ ئەوەی سەقامگیرییەک لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە دروست بکرێت.
کۆبوونەوەکە بە ڕێککەوتن لەسەر پرەنسیپەکانی ڕێککەوتننامەی هاوبەشی ئەمنی و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دیکەی، کۆتایی پێهات و لایەنی ئێرانی ڕۆڵی حکومەتی عێراقی بە نوێنەرایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و، ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەرزنرخاند لەپشتیوانیکردن لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و پابەندبوون بەمەرجەکانی کە لایەنی عێراقی و ئێرانی لەسەری ڕێککەوتوون.
لایەنی ئێرانی ستایشی هەوڵەکانی کۆمیتەی باڵای عێراقی کرد بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی قاسم ئەلعەرەجی و هیوای بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی کارکردن لەگەڵ لایەنی عێراقی خواست لە بواری ئاسایشی سنوور چونکە ئەزموونێکی سەرکەوتووە و لە ماوەیەکی کورتتدا ئەنجامی گرنگی لێکەوتووەتەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا، تێیدا جەخت لەسەر پێویستی بەئاگاهێنانەوەیەکی نێودەوڵەتی کرایەوە بۆ وەستاندنی گرژییەکان لە ناوچەکە و پاراستنی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لە فراوانبوونی ئەم ململانێیە.