پارتی دیموکراتی کوردستان: زیاتر لە 65 هەزار خێزانی شارەکانی عێراق لە کەرکووک نیشتەجێ کراون

بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک
بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک

پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گومانی لە سەرژمێریی گشتی هەیە و پێی وایە بۆ مەبەستی سیاسی بە کار دەهێنرێت، به‌تایبه‌تی كه‌ زیاتر له‌ 65 هەزار خێزانی شارەکانی دیکەی عێراق هێنراونەتە ئه‌و شاره‌ و لە سەرژمێرییدا لەسەر ئەو شاره‌كه‌ هەژمار دەکرێن.

چەند ڕۆژێکی کەم ماوە و تیمەکانی سەرژمێری لە قۆناغی کۆتایی "گەمارۆسازی و ژمارەدانان"ـن، هاوكات پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، هێشتا گومانی لەپرۆسەکە هەیە و لەگەڵ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌دا نییە.

لوقمان کاکەیی، کارگێری لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کەرکووک تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: ترسه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی له‌ كه‌ركووك سه‌رژمێرییان بۆ ده‌كرێت، دواتر بڕیارێكیان بۆ ده‌ربچێت و له‌ بڕیاره‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ بكرێت ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی له‌و شوێنه‌ داده‌نیشتن، دوای ده‌ ساڵ بۆیان هه‌یه‌ ناسنامه‌كه‌یان بۆ كه‌ركووك بگوازنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ناسنامه‌یان گواسته‌وه‌ و بارودۆخی كه‌ركووكیش ئاسایی نه‌كرایه‌وه‌ و چه‌مچه‌ماڵ، كه‌لار و كفری و دووزخورماتووش نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كه‌ركووك، ئه‌و كات ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ زۆرینه‌.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕێنمایی بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق داوا کە پێویستە لە کەرکووک هاوسەنگی لە نێوان کارمەندەکانی سەرژمێری هەبێت ئەم رێنمایە گەیشتووەتە نووسینگەی سەرژمێریی کەرکووک.

له‌م باره‌وه‌، مستەفا ئەکرەم، بەڕێوه‌بەری ئاماری کەرکووک به‌ كوردستان24ـی گوت: ئامانج له‌ سه‌رژمێری گه‌شه‌پێدانه‌ و هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ پرسی سیاسییه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌ب له‌ فۆرمی مه‌زهه‌بدا نین، ئه‌م بابه‌ته‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ مادده‌ی 140ـوه‌ نییه‌.

حکوومەتی عێراق بڕیاری داوه‌ لە ڕۆژانی 20 و 21ـی ئه‌م مانگه‌، پرۆسه‌ی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە سەرجەم پارێزگاکانی به‌ڕێوه‌ ببات كه‌ هاوكات بۆ ماوەی دوو ڕۆژ قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت و پرۆسەکە کۆتایی پێ دێت.