پسپۆڕێکی وزە و کەشوهەوا: ئەگەری هەیە ترەمپ لە ڕێککەوتنی پاریس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بکشێتەوە
ڕۆژی دووشەممە، 11-11-2024، لوتکەی کەشوهەوای 'COP29' لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دەستی پێ کرد و تاوەکوو 22ـی مانگ بەردەوام دەبێت، لەو لوتکەیە سەرکردە و وەزیر و بەرپرسانی نزیکەی 200 وڵات تاوتوێی چۆنیەتی سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهان و لێکەوتەکانی دەکەن.
ئێستا بەهۆی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ترس لەسەر کارەکانی لوتکەکە هەیە، بەتایبەتی لە دوای ئەوەی ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا لە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس لە ساڵی 2015 کشایەوە.
نیکۆلاس ڕۆلیس، پسپۆڕی کاروباری وزە و کەشوهەوا ڕایگەیاند،"ترسمان لە ئەگەری کشانەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی پاریس هەیە".
نیکۆلاس ڕۆلیس، پسپۆڕی کاروباری وزە و کەشوهەوا بە مێدیای عەرەبی گوت، "ترسەکان ئەوەیە کە قسەکانی ترەمپ بۆ چوار ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت، بڵێت: گۆڕانی کەشوهەوا هیچ کێشە نییە، فێڵە، ئەمەریکا پێویستی بە بەشداریکردن نییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بابەتە".
ئاماژەی بەوەش کرد، ترس هەیە ئەمەریکا ئەو پارێزبەندیانەی لەلایەن ئیدارەی جۆو بایدنەوە دابین کراوە، نەمێنێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، تیمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بەنیازە لیستی فەرمانی جێبەجێکردنەکان و بەیاننامەکانی سەرۆکایەتی سەبارەت بە کەشوهەوا و وزە ئامادە بکات، کە ئەم فەرمانانە بریتین لە، کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس.
لە ساڵی 2015دا 197 وڵات ڕێککەوتنی پاریسیان پەسەند کرد و دوای چەند مانگێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامانجی ئەوەیە کە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی دەردانی گازی گەرمی لە جیهاندا، کەم بکاتەوە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی لەم سەدەیەدا بۆ دوو پلەی سەدی سنووردار بکات.