بە بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چالاکییەکانی COP29 لە باکۆ دەستی پێ کرد
ئەمڕۆ سێشەممە، 12-11-2024، چالاکییەکانی کۆنفرانسی جیهانی کەشوهەوا "COP29" سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بە بەشداری سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی دەستی پێ کرد.
دوێنێ دووشەممە، 11-11-2024، دڵشاد شهاب، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سهرۆکی ههرێمی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیلهام ئەلیێڤ، سەرۆكی ئازەربایجان، بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی ئاووهەوا (COP29) بەرەو باکوی پایتەختی ئازەربایجان، بەڕێ کەوت.
ئاماژەی بەوەش دا، نێچیرڤان بارزانی، شان بە شانی سەرۆك و سەركردەكانی جیهان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی كۆنفرانسەكەدا دەكات که بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئاستەنگەكانی ژینگە و كێشە و لێکهوتهكانی گۆڕانی ئاووههوا، بهڕێوه دهچێت.
بڕیارە وڵاتان ئامانجێکی نوێی ساڵانەی دارایی کەشوهەوا دابنێن بۆ جێگرتنەوەی بەڵێننامەیەکی 100 ملیار دۆلاری کە لە ساڵی 2009دا ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، هەروەها زۆرێک لەو وڵاتان دەڵێن، ئەو گوژمەیە زۆر کەمترە لەوەی کە پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە جیهاندا.
سیمۆن ستیل سکرتێری جێبەجێکاری ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا داوای کرد ئامانجێکی نوێی گەورە بۆ دارایی بۆ کەشوهەوا دابنرێت، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمە سوودی بۆ هەموو وڵاتان دەبێت، بە دەوڵەمەند و بەهێزەوە.
ئەمەش لە وتارەکەیدا بوو لەبەردەم دانوستانکاران لە بیست و نۆیەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان (COP29) کە دوێنێ دووشەممە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان چالاکییەکانی دەستی پی کرد.
ستیل ئاماژەی بەوەش دا، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر هەموو تاکێکی ئەو جیهانەدا هەیە، گوتیشی: "داوادەکەم لەو بیرۆکەیە بێینەدەرەوە کە تەرخانکردنی دارایی بۆ کەشوهەوا کارێکی خێرخوازییە".
ستیل جەختی لەوە کردەوە، "کارەکانی ڕێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، تاکە شتە کە دەتوانین چارەی قەیرانی کەشوهەوا بکەین، هەروەها دەتوانین لێپرسینەوە لەگەڵ یەکتر بکەین لەسەر ئەو بابەتە، چونکە ئێمە دەزانین، بەبێ کردنی کارەکانی ئەو پرۆسەیە، جیهان 5 پلە زیاتر گەرم دەبێت، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر مرۆڤایەتی دەبێت".
ستیل دەڵێت: پێویستە بگەین بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەبارەی دارایی کەشوهەوا، گوتیشی: ئەگەر لانیکەم دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان نەتوانن تێچووی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراویی دابین بکەن، ئەوە باجێکی قورس دەدەن، هەروەها ئابووری جیهانیش لەوانەیە بە تەواوی داڕمێت.
دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان.