سەرۆکی دیوانی پەرلەمان: دوای یەکلایی کردنەوەی تانەکان، وادەی یەکەم دانیشتن دیاری دەکرێت
سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دوای یەکلایی کردنەوەی تانەکان، سەرۆکی هەرێم مەرسووم دەردەکات و دواتر وادەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دیاری دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12-11-2024، ئەردەلان محەممەد سەرسپی، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان، ڕایگەیاند: "دوای یەکلایی کردنەوەی تانەکان 10 رۆژ لەبەردەستی سەرۆکی هەرێمە تاوەکوو مەرسووم دەر بکات، دواتر ئەگەر هەماهەنگی هەبێت، ڕۆژێک بۆ یەکەم دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان دیاری دەکرێت."
ئەردەلان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بە تەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراو، سەرۆکایەتیی دانیشتەکان دەکات تا ئەو کاتەی سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن.
ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20-10-2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە.
ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی بەرایی:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی