مەسرور بارزانی: پێویستە سەرژمێری بەلاڕێدا نەبرێت و بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهێنرێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کۆ بوونەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز لە زووترین کاتدا لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکاریی و پێشهات و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و جیهان.
ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2024، مەسرور، بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی لە سەرۆکی حکوومەت کرد. هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز لە زووترین کاتدا لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکاریی و پێشهات و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و جیهان.
هەروەها بیروڕا لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە پێویستی دابینکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوا ئامادەکارییەکانی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق کرا .
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لە پرۆسەی سەرژمێریی دەکات بۆ مەبەستی گەشەپێدان، بەڵام سەرنج و تێبینیشی لە سەر پرۆسەکە هەیە کە پێویستە بەلاڕێدا نەبرێت و بە هیچ شێوەیەک، بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهێنرێت و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبێت.