ڕاوێژکارێکی بایدن: بەم زووانە ئاگربەست لە لوبنان ڕادەگەیەنرێت

بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت. وێنە: ڕۆیتەرز
بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت. وێنە: ڕۆیتەرز

پێگەی هەواڵی ئەکیسۆسی ئەمەریکی، لە زاری ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە: دەرفەتێک هەیە و گەشبینین بۆ ئەوەی بەم زووانە ئاگربەست لە لوبنان ڕابگەیەندرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2024، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، لە زاری ئامۆس هاکستین، راوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، "بەو پەڕی گەشبینییەوە لێرە لە کۆشکی سپی ڕادەگەیەنم، کە دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی بەم زووانە ئاگربەست لە لوبنان ڕابگەیەندرێت و، کۆتایی بە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە بهێندرێت".

ئامۆس هاکستین، پشتڕاستی کردەوە، کە بە هیچ شێوەیەک ڕووسیا دەستوەردان ناکات لە ڕێککەوتن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە لوبنان، هەروەها لە سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکەش هیچ ڕۆڵێکی نابێت.

لەلایەکی دیکەوە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری چەند سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێی وایە دەبێت بە زووترین کات لە لوبنان کۆتایی بە شەڕ بهێندرێت، چونکە وەک خۆی دەڵێت: "هیچ دەستکەوتێکی دیکەی گەورەتر لە کوشتنی نەسروڵڵا لە وڵاتەکە بەدەست نایەت."

ئەمەش لەکاتێکدا ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی تازە دەستنیشانکراوی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە، لە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی گشتیی سوپاسالاری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئاگربەست لە لوبنان ڕوونادات تا ئیسرائیل بە ئامانجەکانی نەگات.

حکوومەتی لوبنان چەندین جار داوای ئاگربەستی لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە لە ساڵی 2006دا کۆتایی بە شەڕی نێوان حزبوڵلا و ئیسرائیل هێنا.