دەیڤد شینگەر: ئەولەویەتی ئەمەریکا دوورخستنەوەی عێراقە لە ململانێکان

دەیڤید شنینگەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دووپاتیکردەوە، ئێستە ئەولەویەتی واشنتۆن "دوورخستەنەوەی عێراقە لە ململانێی ناوچەکە".

هاوکات گوتیشی؛ وڵاتەکەی هەوڵی ئەوە دەدات ئیسرائیل ڕازی کات ئاسمانی عێراق بەکارنەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.

شینگەر ڕاشیگەیاند، ئێستە ئەولەویەت ئەوەیە عێراق لە شەڕی ناوچەکە و لە ململانێکان دوور بخرێتەوە، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو پەرەسەندن و گرژییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەحورە شینگەر گوتی: "عێراق هەڵوێستی پتەوی خۆی دووپات دەکاتەوە لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی زەوی و ئاسمانی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە"، لە بەرامبەردا ئاشکرایکرد، عێراق لە ڕێگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران داوای لە واشنتۆن کردووە دەستوەردان بکات بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕازی بکات ئاسمانی عێراق بەکارنەهێنێت لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە سەربازییەکانی دژی ئێران.

ئەوەشی خستە ڕوو، لەو بڕوایەدا نیم ئەم بڕیارە سەر بگرێت، بە تایبەت ئەو ڕاپۆرتانەی لە واشنتۆنەوە دێن کە ئێران مووشەکی بالیستیی لەسەر خاکی عێراق بەکار دەهێنێت پێویستە سنووردار بکرێت. 

لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، واشنتۆن هۆشداری داوەتە بەغدا ئەگەر خاکەکەی بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت، داوای "کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق و ڕێگریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی" دەکات.