دادگایی کردنی ترەمپ لەسەر دۆسیەی ئەکتەری فیلمە ڕووتەکان دواخرا

ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، بڵاویکردەوە، دادوەر خوان مێرشان بڕیارەکەی دواخستووە سەبارەت بە لابردنی تۆمەتەکانی دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە کەیسی پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردنی ئەکتەری فیلمە ڕووتەکان.

ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ڕایگەیاند، دادوەر خوان مێرشان کە سەرۆکایەتی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ دەکات لە نیویۆرک، بەنیازی ئەوە بووە ڕۆژی سێشەممە، 12-11-2024، بڕیارەکە دەربکات، بەڵام دوای تانەدانێک لەلایەن پارێزەرانی ترەمپەوە بڕیاریدا بڕیارەکە بۆ 19ـی ئەم مانگە دوابخات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "پارێزەرانی ترەمپ پشتیان بە بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای باڵای ئەمەریکا بەستووە سەبارەت بە پارێزبەندی سەرۆکایەتی، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمە هۆکارێکی کاریگەرە بۆ ڕاگرتنی دۆسیەکە".

دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبارە بەوەی لە ڕێگەی پارێزەرەکانیەوە بڕی 130 هەزار دۆلاری بە ئەستێرەی فیلمە ڕووتەکان داوە وەک بەرتیل و ئەو بڕە پارەیەش لە ڕاپۆرتی باجی ساڵانەیدا نەخراوەتەڕوو.

مایکل کۆهین، پارێزەری ترەمپ کە پارەکەی بەو ئەکتەرە داوە، لە ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لەدوای شایەتیدان دژی ترەمپ، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها ترەمپ ڕووبەڕووی دوو دۆسیەی فیدراڵی دەبێتەوە کە لەلایەن داواکاری گشتی تایبەت جاک سمیسەوە لەسەر تۆمەتەکانی هەڵگرتنی بەڵگەنامە نهێنییەکان ئاراستەی کراوە، ئەمە جگە لە هەوڵی گوماناوی ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی 2021 بۆ پاراستنی دەسەڵات سەرەڕای شکستی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.