ئەنجامی توێکارییەکی تایبەت: جۆرج فلۆید بەهۆی خنکاندن گیانی لەدەستداوە

لەگەڵ ئەنجامەکانی پێشوو یەکناگرێتەوە

K24 - هەولێر

هەفتەیەک تێپەڕی بەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەمەریکا لەدژی "کوشتنی" کەسێکی رەشپێست لەلایەن پۆلیسێکی سپیپێستەوە، ئێستاش ئەنجامەکانی توێکاریی جەستەی جۆرج فلۆید، جیاوازن.

ڤیدیۆیەک، نیشانی دەدات پۆلیسێکی سپیپێست قاچی لەسەر ملی پیاوێکی رەشپێست داناوە، بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت خولەک و هەڵیناگرێت، هەرچەندە پیاوەکە دەپاڕێتەوە و دەڵێ "ناتوانم هەناسە بدەم"، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە. لەدژی ئەو پۆلیسەش، خۆپیشاندان لە زیاتر لە 70 شاری ئەمەریکا ماوەی هەفتەیەکە بەردەوامە و بەجۆرێکە، ماوەی دەیان ساڵە ئەمەریکا شتی وای بەخۆیەوە نەبینیوە.

هۆکاری گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید، دوو پزیشکی دادی سەربەخۆ کە لەلایەن خێزانەکەی جۆرج فلۆید راسپێردراون تاوەکو هۆکاری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان ئاشکرا بکەن، جیاوازە لەوەی پێشتر لە پشکنینی سەرەتایی لەبارەی هۆکاری مردنی فلۆید، لەلایەن ویلایەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە.

لە ئەنجامی توێکاریی جەستەی جۆرج فلۆید، لەلایەن پزیشکە سەربەخۆکانەوە هاتووە "جۆرج فلۆید، بەهۆی خنکان گیانی لەدەستداوە، خنکانەکەشی بەهۆی بوونی پاڵەپەستۆیەک بووە لەسەر مل و پشتی، کە رێگربووە لەوەی خوێن بەرەو مێشکی بچێت، بۆیە توانای هەناسەدانی لەدەستداوە".

بەڵام ئەو ئەنجامە لەگەڵ ئەنجامی توێکاریی سەرەتایی بۆ جەستەی فلۆید یەکناگرێتەوە، لەو راپۆرتەی پۆلیس، کە پۆلیسە سپیپێستەکەی پێ تۆمەتبارکراوە، بەمشێوەیە باس لە هۆکاری گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید کراوە "نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و بوونی ماددەی هۆشبەر لە جەستەی فلۆید، کاریگەرییان هەبووە لەسەر گیانلەدەستدانی. هیچ بەڵگەیەکی سەرەتاییشمان دەستنەکەوتووە، کە دەریبخات ئەو بەهۆی خنکاندنەوە گیانی لەدەستدابێت".