نەوت ئاوی ڕووباری دیجلە پیس دەکات

چوارشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی کەرکووک ئاشکرای کرد، بەهۆی دزەکردنی نەوت لە کێڵگەی عەجیل و عەلاس لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین، ئاوی ڕووباری دیجلە پیس بووە، ئەو دزە کردنەی نەوتیش دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەک بەر لە ئێستە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە بۆڕییەکان کونکرابوون بە مەبەستیی بە قاچاخبردنی نەوت.

لای خۆیەوە عەلی عزەدین، بەڕێوەبەری ژینگەی کەرکووک ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی کەرکووک، تیمێکی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون هۆکاری بوونی نەوت لە ڕووباری دیجلە، کە دووجارە لە هەفتەیەکدا ئەم پیسبوونە ڕووبدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای نەوتی باکوور هەوڵیداوە ساتری خۆڵ لە دەوروبەری شوێنی دزە پێکردنی نەوتەکە لە چوارچێوەی کێڵگەکانی عەجیل و عەلاس لە نزیک قەزای ئەلعەلەم لە کەناری ڕووباری دیجلە دروست بکات، کە پاشماوەی نەوتی لێ دزە دەکاتە ناو ڕووبارەکە.

بەڕێوەبەری ژینگەی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، لای خۆمانەوە ئەو ساترەمان ڕەتکردەوە، چونکە ئەوە ڕێگری لە پیسبوونەکەی ژینگەو ئاوی ڕووبارەکە ناکاتەوە.

گوتیشی: کۆمپانیا کار هەوڵی چارەکردنی ئەو کێشەیە دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ڕێوشوێنە ئەمنیی بەهێزتر دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵی هێرشکردن یان بردنی نەوت.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی فەرمی لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند، سێشەممەی ڕابردوو، کۆمپانیاکە پشکنینی مەیدانی کردووە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەموکوڕییە و چارەکردنی ئەو پاشماوەی کە بووەتە هۆی پیسبوونی بەشێکی ڕووبارەکە.

سەرچاوەکە دەشڵێت: ئەو بارانە بەخوڕە هۆکار بووە بۆ پیسبوونی ڕووبارەکە ئەوەش بەهۆی ئەوەی نەوتەکەی لەگەڵ خۆی ڕاماڵیوە بۆ ناو ڕووبارەکە لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و باکوور. هەروەها گوتیشی: لە پلانیان هەیە ڕێڕەوێک دروست بکەن، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی دزە کردنی نەوت بۆ ناو ڕووبارەکە.

وەزارەتی ئاوی تکریت لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی ڕژانی نەوتەوە بۆ ناو ئاوی ڕووبارەکە، ئاوی ڕووبارەکە بەرەو تکریت دەڕوات و چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە بگاتە ئەو پارێزگاکە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریدا لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی پیسبوونی ئاوی ڕووباری دیجلە لەسەر پڕۆژەکانی ئاو، داوای لە دانیشتووانیش کرد هاوکارییان بکەن لە بەکارهێنانی ئاو بۆ ئەوەی تووشی هیچ گرفتێک نەبن.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بۆ ماوەیەکی کاتی پڕۆژەکانی ئاوی لە شارۆکەی تکریت ڕاگرت، ئەویش دوای دەرکەوتنی نەوت لە ڕووبارەکەدا، دەسەڵاتە خۆجێیەکان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن، هاوکات دەسەڵاتدارانی بەغدا لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ ئەگەری هەر حالەتێکی نایاسایی.