کۆشکی سپی، بایدن و ترەمپ لە قۆناغی ڕاگوزەری ئەمەریکادا کۆ دەکاتەوە

دۆناڵد تره‌مپ و جۆو بایدن
دۆناڵد تره‌مپ و جۆو بایدن

سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی كۆشكی سپی ده‌كات و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی كۆ ده‌بێته‌وه‌؛ هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ردانه‌دا نرخی بیتكۆین به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌رز بووه‌وه‌.

بڕیار وایه‌، چوارشەممە، 13ـی تشرینی دووه‌می 2024، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی كۆشكی سپی بكات و له‌گه‌ڵ جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كۆ ببێته‌وه‌.

سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ كۆشكی سپی و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بایدن، به‌ر له‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای كانوونی دووه‌می 2025 به‌ فه‌رمی وه‌كوو سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ست به‌ كار بێت، یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین كه‌ش و سرووته‌ سیاسییه‌كانی قۆناغی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات كه‌ ئه‌مه‌ریكا پێیدا تێ ده‌په‌ڕێت، نه‌خاسمه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه و وه‌كوو نه‌گۆڕێكی دیموكراسیی ئه‌مه‌ریكی،‌ له‌م وڵاته‌ ده‌ستاوده‌ست ده‌كرێت.

كارین ژان پێر، گوته‌بێژی كۆشكی سپی له‌م باره‌وه‌ به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی گوتووه‌، بانگهێشتكردنی تره‌مپ له‌ لایه‌ن بایدنه‌وه‌ بۆ كۆشكی سپی، به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر باوه‌ڕی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان به‌ نه‌ریته‌ گشتی و سیاسییه‌كان و دامه‌زراوه‌یی و پابه‌ندبوون به‌ قۆناغی ڕاگوزه‌ر.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بایدن و تره‌مپ له‌ میانی دیداره‌كه‌یاندا، تاوتوێی چه‌ند پرسێكی گرنگ بكه‌ن، به‌تایبه‌تی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی سه‌ردانی تره‌مپ بۆ كۆشكی سپی، نرخی یه‌ك بیتكۆین بۆ 90 هه‌زار دۆلار به‌رز بووه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی پێوانه‌یییه‌.

چوارشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2024، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و بانگهێشتنامەیەکیشی بۆ نارد تا سەردانی کۆشکی سپی بکات.