ڤیان دەخیل: هێزێک هەیە ڕێگە نادات حکوومەتی عێراق ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکات
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: هێزێک هەیە ڕێگە نادات حکوومەتی عێراق ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت.
چوارشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند کە، سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی کوردستان، هەمیشە خەمی گەورەیان شنگال و خەڵکی شنگال و ئێزدیانی شنگال و کچ و ئافرەتانی شنگالن کە کەوتنە دەستی داعش.
دەڵێت: دوای 9 ساڵ، واقیعی شنگال وەک خۆیەتی و خەڵکی شنگال کە گەڕاوەتەوە، زۆرینەیان هەر لەسەر شەقامن، خانوویان نییە و ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکانیان نییە، ئاسایشیان نییە، ئەگەر پارتی گەڕابووایەوە شنگال، دۆخی شنگال وەک ئێستا نەدەبوو کە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر بەسەریدا هات، ئەو هێزانەی ئێستا لە شنگالن، دڵیان بۆ شنگال نەهێشایە و بە مەبەست لەنێو شنگالن.
ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوە کرد کە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی شنگال لەگەڵ بەغدا ئیمزا بکرێت، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراقی هیچ بەشێکی ئەو ڕێککەوتنەی جێبەجێ نەکردووە، لە مافی دامەزراندنی 2500 پۆلیس کە دەبێت لە خەڵکی شنگال بن، تا ئێستا نیوەی ئەو ژمارەیەشیان دانەمەزراندوون، سەرباری ئەو هێزەی کە نازاندرێت لە کوێوە هاتوون، لە شنگال دەرنەچوون، حکوومەتی عێراق هیچ قەرەبووێکی وای نەدایە خەڵکی شنگال بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان کە ماڵەکانیان ڕووخاوە، دەشڵێت: ئەوانەی گەڕانەوە، پەشیمان بوونەوە لە نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەک لە تەندروستی و پەروەردە و لایەنەکانی دیکە، دۆسێی شنگال دوا دۆسێی حکوومەتی عێراقە، گوتی: هێزێک هەیە ڕێگە نادات حکوومەتی عێراق ئەو ڕێککەوتنەی شنگال جێبەجێ بکرێت.
ڤیان دەخیل دەڵێت: هەتا ئەو هێزە دەرەکییە لە شنگال بێت، ناتوانرێت هیچ پرۆژەیەک لە شنگال جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەوان ڕێگریی لەو پرۆژانە دەکەن.
گوتی: پێویستە بوودجەیەکی باش بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال تەرخان بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
نۆ ساڵ بهسهر ئۆپهراسیۆنی شنگالدا تێدهپهڕێت، ئهو بهڵێنهی دوای سێ ڕۆژ له داگیركردنی شنگال سهرۆك بارزانی به بابهشێخی ئێزیدییهكانی دابوو، لهبهرچاوی ههموو جیهان جێبهجێكرا.
ئۆپهراسیۆنهكه به سهركردایهتی ڕاستهوخۆی سهرۆك بارزانی و بهشداری زیاتر له 7 ههزار و 500 پێشمهرگهی كوردستان و هێزه ئاسمانییهكانی هاوپهیمانی نێودهوڵهتی بهڕێوهچوو، لهماوهی كهمتر له 24 كاتژمێردا شنگال ئازادكرا و سهرۆك بارزانی بهڵێنهكهی بهجێگهیاند.