جۆزیف بۆرێل پێشنیاری ڕاگرتنی گفتوگۆی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئیسرائیل دەکات

جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا پێشنیاری کردووە، یەکێتیی ئەورووپا گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل ڕابگرێت.

ئەم پێشنیازە بۆرێل دەگەڕێتەوە بۆ تێوەگلانی ئیسرائیل لە ئەگەری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە شەڕی غەززەدا و لە نامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2024، بۆ وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا پێش کۆبوونەوەکەیان کە بڕیارە دووشەممەی داهاتوو بکرێت، ناردووە. و ئاماژەی بە نیگەرانییە ڕژدەکان سەبارەت بە پێشێلکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان کردووە لە غەززە.

گوتیشی: تا ئێستە ئیسرائیل بە شێوەیەکی گونجاو چارەی ئەو نیگەرانیانە نەکردووە.

گفتوگۆی سیاسی بەشێکی سەرەکییە لە ڕێککەوتنێکی بەرفراوان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئیسرائیل، هەروەها پەیوەندییە بازرگانییە نزیکەکانیش دەگرێتەوە و لە حوزەیرانی ساڵی  2000 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بۆرێل نووسیویەتی: لە ژێر ڕۆشنایی ئەو تێڕوانینانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، پێشنیارێک پێشکەش دەکەم کە یەکێتی ئەورووپا پەنا بۆ بڕگەی مافی مرۆڤ ببات بۆ ڕاگرتنی گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل.

هەر جۆرە ڕاگرتنێک پێویستی بە ڕەزامەندی هەر 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا دەبێت و ئەمەش شتێکە کە دیپلۆماتکاران دەڵێن "بەدووری دەزانرێت"، کە بکرێت.