سەرۆکی ئیتاڵیا بۆ ئیلۆن ماسک: واز لەوانە گوتنەوە بێنە

سەرۆکی ئیتاڵیا، سێرجیۆ ماتارێلا
سەرۆکی ئیتاڵیا، سێرجیۆ ماتارێلا

سێرجیۆ ماتارێلا سەرۆکی ئیتاڵیا، سەرزەنشتی ملیاردێری ئەمەریکی ئیلۆن ماسکی کرد، لەسەر ئەوەی قسەی بە دادوەرانی ئیتاڵیا گوتبوو دەربارەی کۆچبەران و گوتی: ئیلۆن ماسک با واز لە "وانە گووتنەوە بهێنێت".

ماتارێلا کە سەرەڕای هەڵوێستی ڕێوڕەسمی لە ئیتاڵیا ڕێزێکی زۆری لێدەگیرێت، وتی "ئیتاڵیا وڵاتێکی دیموکراسی گەورەیە، کە دەزانێت چۆن ئاگاداری خۆی بێت لەکاتێکدا ڕێز لە دەستوورەکەی دەگرێت".

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ئیلۆن ماسک، لەسەر پلاتفۆڕمی 'ئێکس' قسەی لەسەر دەرکردنی بڕیارێکی دادوەرانی ئیتاڵیا کرد و گوتی: ئەوە گورزێکی توند بوو لە ڕێککەوتنەکەی ڕۆما لەگەڵ ئەلبانیا سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران کە لە دەریادا ڕزگار دەکرێن، ئاماژەی بەوەش دا "ئەم دادوەرانە دەبێت بڕۆن".

ماتارێلا ناوی ماسکی نەهێنا، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، کە "هەر کەسێک کە خۆی ئامادە دەکات، بۆ ڕۆڵگێڕان لە حکوومەتی وڵاتێکی دۆست و هاوپەیماندا، دەبێت ڕێز لە سەروەری ئیتاڵیا بگرێت و ناتوانێت دەستوەردان بکات".

ماسک لەلایەن ترەمپەوە دەستنیشان کراوە بۆ وەزیری وەزارەتی کارایی لە ئەمەریکا، ئەرکی کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لە واشنتۆنی پێسپێردراوە.

ماسک پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ڕاستڕەوی ئیتاڵیا و ماتیۆ سالڤینی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا هەیە کە سەرۆکایەتی پارتێکی دژە کۆچبەران دەکات. لێدوانەکەی ماتارێلا لە کاتێکدا بوو کە ماسک، لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕەخنەی لە بڕیاری دادوەرەکان گرت و بە "قبووڵنەکراو" وەسفی کرد و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا "خەڵکی ئیتالیا لە دیموکراسیدا دەژین یان ڕژێمێکی تاکڕەوی هەڵنەبژێردراوە کە بڕیارەکان دەدات؟".

ئیتاڵیا ساڵێک لەمەوبەر ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئەلبانیا ئیمزا کرد کە تێیدا هاتووە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەنابەرانەی کە دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا لە دەریای ناوەڕاست وەریگرتوون، دەبێت لەو وڵاتە بێت کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نییە. بەڵام یاساکە ڕووبەڕووی گرفت بووەتەوە.