فەرمانبەرێکی ئەمەریکا بەتۆمەتی دزەپێکردنی پلانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستگیرکرا

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا تۆمەتی دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکانی پێوەندیدار بە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، دایە پاڵ کەسێک کە لە حکوومەتی ئەمەریکادا کاردەکات.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئاسۆشێیتد پرێس، ئەو کەسە ناوی ئاسیف ویلیام ڕەحمانە و ئەم هەفتەیە لەلایەن FBI ەوە لە کەمبۆدیا دەستگیرکراوە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، تۆمەتەبارەکە دوو تۆمەتی پەیوەست بە گواستنەوەی زانیاری نهێنی دراوەتە پاڵ، بەبێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی چۆنیەتی دزەپێکردنی زانیارییەکە بخاتەڕوو.

تۆمەتبارەکە دەڵێت: دزەکردنەکە لە 17ـی تشرینی یەکەم ڕوویداوە، لە هەمان کاتدا ئەکاونتێکی تێلێگرامی کە بە لایەنگرانی ئێران هەژمارکراوە بە ناو "Middle East Spectator" دوو بەڵگەنامەی بڵاوکردەوە کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی جیۆگرافیک بڵاوکرابووەوە کە زانیاری لەسەر ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بڵاو کردووەتەوە.

هەواڵگریی ناو بەڵگەنامەکان لەسەر بنەمای وێنەی مانگی دەستکرد لە 15 تا 16ـی ئۆکتۆبەر بووە.

لە بەیاننامەیەکی پێشوودا، ئەکاونتی " Middle East Spectator " ئاماژەی بەوەکردووە، کە بەڵگەنامەکانیان لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە وەرگرتووە، هەروەها هیچ پەیوەندییەکیان بەو سەرچاوە ئەسڵییە نییە کە بەڵگەنامەکانی دزەپێکردووە و ناتوانن ڕاستەقینەیان پشتڕاست بکەنەوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمدا، FBI پشتڕاستی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی دزەپێکراوی بەڵگەنامەکە دەکات.

بەپێی ئەو تۆمەتە کە لە 7ـی تشرینی دووەمدا بڵاوکراوەتەوە، لێکۆڵەران پێیان وایە دزەکردنەکە لە کەمبۆدیا ڕوویداوە. بۆیە بڕیارە ئاسیف ویلیام بۆ یەکەمجار لە 14ـی ئەم مانگە لە دادگای فیدراڵی لە دوورگەی گوام ئامادە بێت و دواتر بگوازرێتەوە بۆ دادگاییکردن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ڤێرجینیا