ناتانیاهۆ بەتۆمەتی گەندەڵی ڕاپێچی دادگە دەکرێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە 2ـی کانوونی یەکەم، لەبەردەم دادگەی ناوەندی قودس ئامادە دەبێت بۆ ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی گەندەڵی کە ئاراستەی کراوە.

ناتانیاهۆ، لە ڕێگەی تیمی بەرگرییەکەیەوە، هەوڵیدا بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو ئامادەبوونی خۆی لەبەردەم دادگەی ناوەندی قودس دوابخات، بەڵام دادگە داواکارییەکەی ڕەتکردەوە.

تیمی بەرگری ناتانیاهۆ ڕایانگەیاند، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەرقاڵی ئەم کۆبوونەوانە و بڕیاردان بووە، هەر بۆیە نەیتوانیوە بە باشی خۆی بۆ ئەو داوایە ئامادە بکات کە پێشکەشی دادگە دەکات.

ڕۆژی 9ـی تەمموز، دادگە بڕیاریدا ماوەی پێنج مانگ بداتە ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی دۆسیەکەی ئامادە بکات، بەڵام ستافەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، دادگەکەیان ئاگادار کردەوە کە ناتانیاهۆ داوایکردووە، دادگاییکردنەکەی بۆ ماوەی دوو مانگ و نیوی دیکە دوابخرێت کە بڕیارە 2ـی کانوونی یەکەم دادگەیی بکرێت.

بەڵام ڕۆژی سێشەممە، 12-11-2024، داواکاری گشتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، باوەڕی بە پاساوەکەی ناتانیاهۆ نییە و پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت لە وادەی دیاریکراودا لەبەردەم دادگە ئامادە بێت.

ئەمڕۆ دادگەی ناوچەی ئیسرائیل بڕیاری خۆی بۆ ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی نەتانیاهۆ دەرکرد و دووپاتیکردەوە کە دەبێت لە دووەم مانگی داهاتوودا وەک پلانی بۆ دانراوە لەبەردەمیدا ئامادەبێت.

دادگە ڕوونیشیکردەوە، ئەو پاساوەی ناتانیاهۆ کە سەرقاڵبوونە بە شەڕ، لەبەرچاو گرتووە و سەرەڕای ئەوەش داواکەی ڕەتکردووەتەوە.

دادگەکە تاوتوێی سێ تۆمەت دەکات کە لەلایەن داواکاری گشتی خراوەتە پاڵ ناتانیاهۆ، لەوانە وەرگرتنی بەرتیل، ئەنجامدانی ساختەکاری، و خراپ بەکارهێنانی متمانە، کە لە مێدیاکاندا بە "دۆسیەی گەندەڵی گەورە" ناسراوە