بەهۆی سەرکەوتنی ترەمپ، شیعەکان ترسیان هەیە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەکشێنەوە

لەگەڵ سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپو لە ھەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، شیعەكانی عێراق بە نیگەرانییەوە لە پرسی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا دەڕوانن، سەركردەیەكی ھاوپەیمانی فەتح پێی وایە، ئەمریكا بۆ مانەوەی ھێزەكانی بەنیازی دروستكردنی كێشەی ئەمنییە. 

هاوپەیمانی فەتحی ھادی عامری هۆشداری دەدات لە نیازی حكوومەتی نوێی ئەمەریکا بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێراق.

لەوبارەوە عەلی فەتلاوی، سەركردە لە ھاوپەیمانی فەتح، ڕایگەیاند، "ئەمەریکا دەیەوێت پاساو بدۆزێتەوە بۆئەوەی هێزەکانی بۆ ماوەیەکی درێژتر لە عێراق بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش لەناوخۆی عێراق یاخود سووریا ھەوڵی دروستكردنی کێشەی ئەمنی دەدات".

فەتلاوی دەشڵێت: "هەڵوێستی حکوومەتی عێراق ڕوون بوو بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو بابەتە بە خێرایی و دانانی خشتەی کاتی بۆ کشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا، بەڵام لایەنی ئەمەریكی بابەتەكە دوادەخات بۆ مانەوە و کۆنترۆڵی تەواوەتی ئاسمانی عێراق". 

لە ماوەی ڕابردوودا، سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پرسیاری لەبارەی چارەنووسی ڕێککەوتنەكەی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵی نێوان عێراق و ئەمەریكا سەبارەت بە کشانەوەی هێزە بیانییەكان لە كۆتایی ساڵی داھاتوو دروستکرد. 

زیاتر لە 2500 سەربازی ئەمەریكا لە عیراقدا هەن و لە ماوەكانی ڕابردوودا ھەردوو حكوومەتی عیراق و ئەمەریكا گفتوگۆكانیان چڕكردەوە بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێك لەسەر كشانەوە یاخود گۆڕینی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق، بە تایبەتی دوای كەمبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش لە ناوچەكەدا.