بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر: هەفتەی داهاتوو پارەی جووتیاران خەرج دەکەین
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕایگەیاند، ئەگەر هیچ کێشەک لە بانکی فیدراڵ ڕوونەدات، هەفتەی داهاتوو پارەی جووتیاران دابەش دەکەین.
پێنجشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2024، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕی 55 ملیار و 400 ملیۆن بۆ جووتیارانی هەولێر خەرج کراوە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "دوای ئەوەی ئەو پارە دێت دەبێت ببڕیت بۆ بانکی فیدراڵی لقی هەولێر، بۆ ماوەی 72 کاتژمێر، دوای ئەوەی ڕەزامەندی لەسەردرا ئێمە دەیگوازینەوە بۆ بانکێکی دیکە و ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لە بانکی فیدراڵ ڕوو نەدات، بە پێی ئەو پلانەی دانراوە، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی پارەی جووتیاران دەکەین.
گوتیشی: "بڕی ماوەی پارەی جووتیاران 44 ملیار و کەسرێک دەمێنێت، چاوەڕی دەبین حکوومەتی عێراق ئەو برەش بنێرێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-11-2024، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا خەرجکردنی 400 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەر یەکە لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سلێمانی، هەولێر و دهۆکی ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە د. سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەو 400 ملیار دینارە، 158 ملیار و 454 ملیۆن دیناریان بۆ جووتیارانی هەر سێ پارێزگای دهۆک، هەولێر و سلێمانی بەم شێوەیە خەرج کراوە:
دهۆک: 43 ملیار دینار
هەولێر: 55 ملیار و 454 ملیۆن دینار
سلێمانی: 60 ملیار دینار
ڕۆژی 06ـی حوزەیرانی ئەمساڵ حکوومەتی عێراق دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرد و پرۆسەکە تاوەکوو 20ی تەممووز بەردەوام بوو.
لەو ماوەیەدا، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن گەنم وەرگیرا کە بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار بوو.
ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیاران کەم بوو، بۆیە حکوومەتی فیدراڵی بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.