مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ عێراق ڕۆژ به ڕۆژ له‌ زیادبوون دایه‌

به‌رپرسانی عێراق بە كردنەوەی سەنتەرەكانی وازھێنان لە ماددەی هۆشبەر، ھەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی عێراقی لەو په‌تا كۆشندەیە ڕزگار بكەن. لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا سەردانیكردنی ئاڵودەبووانی ماددەی ھۆشبەر بۆ سەنتەرەكانی وازھێنان و چارەسەری بە ڕێژەی 50% زیادی کردووە.

بە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی ئاڵودەبووان بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق، ژمارەی سەردانیکەری سەنتەرەكانی وازهێنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتر دەبن.

یاسر ئەسکەندەر، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: فراوانکردنی بەرنامەکانی چارەکردنی ئاڵودەبووان و سەنتەرەكان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەنجامی ئەرێنی ھەبووە و دووپاتیشیکردەوە، خواست لەسەر سەنتەرەكانی چارەی ئاڵودەبووان لە ماوەی 4 مانگدا بە رێژەی 50% زیادی کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ڕێژەی بەشداری خۆبەخشانە بە رێژەی 20% زیادی کردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کاریگەری خێزان و کۆمەڵگەیە لەسەر ئاڵودەبووان و ھاندانیان بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ژیانیان لە ڕێگەی بەشداربوون لە بەرنامەی چاودێری و چارەسەری.

ناوبەناو وەزارەتی تەندروستیی عێراق سەنتەری نوێ بۆ چارەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگاکان دەكاتەوە. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند: لە ھەر پارێزگایەك لانی کەم سەنتەرێک هەیە بۆ چارەکردنی حاڵەتەکانی ئاڵودەبوون.

ڕوونیشی كردەوە، لە بەغدا زیاتر لە سەنتەرێک هەیە و ئەم سەنتەرانە مامەڵە لەگەڵ ئاڵودەبوودا دەکەن وەک نەخۆشێک کە تەنیا پێویستی بە چاودێری تەندروستی هەیە.

سەنتەرەکانی وازهێنان لە ماددەی هۆشبەر کە بەم دواییانە لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە کراونەتەوە هەوڵ دەدەن ژمارەی توشبووان بە ماددەی هۆشبەر کەم بکەنەوە، لەکاتێکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق ساڵانە هەزاران بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکات، کە بەم دواییانە بە فراوانی لە کۆمەڵگەی عێراقیدا بڵاو بووەتەوە.