حکوومەتی هەرێم بەهۆی پرۆسەی سەرژمێری 9 ڕۆژ پشووی ڕاگەیاند

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێرییەوە، 9 ڕۆژ پشووی بۆ فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی و سەربازیی، هەروەها بۆ قوتابییانی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن کە دانیشتووانی ناووچەکانی ماددەی 140ـن ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکدا بە ژمارە (15988) کە گشتاندنی پێ کردووە بۆ دەستە، فەرمانگە و دامەرزراوەکانی نەبسەتراو بە وەزارەت، بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری لە ڕۆژانی 15 تاوەکو 23ـی ئەم مانگە پشووی فەرمی ڕاگەیاند.

بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەن، پشووەکە سەرجەم فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی و سەربازیی، هەروەها قوتابییانی گشت قۆناغەکانی خوێندن (قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان) کە دانیشتووی ناووچەکانی ماددەی 140ـن دەگرێتەوە.

هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە، کە ڕێکخراو، کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، پێویستە کارئاسانی بکەن بۆ کارمەندەکانیان کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140ـن، بۆ ئامادەنەبوون لە هەمان ماوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشدار بن لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی.

بڕیارە رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتی لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تاوەکوو ساڵی 2030 دەگاتە نزیکەی 51 ملیۆن و 500 هەزار کەس.

بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (15988) لە ڕێکەوتی (14/11/2024)