ئەحمەد داوودئۆغلوو: بوونی پەیوەندییەکی باش لەنێوان تورکیا و کوردستان یارمەتیی پرسی کورد لە ناوچەکە دەدات
ئەحمەد داوودئۆغلوو، سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کوردستان24، چەندین پرسی گرنگ دەوروژێنێت، لەوانەش پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پرسی پەکەکە، ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، داوودئۆغلوو دەڵێت: بوونی پەیوەندییەکی باش لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، یارمەتیی باشتربوونی دۆخەکە و پرسی کورد لە ناوچەکە دەدات.
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، داود ئۆغلۆ ئاشکرای دەکات، هۆکاری سەرنەکەوتنی پرۆسەکە پەیوەستە بە نەبوونی دیموکراسیەتێکی گشتگیر لە تورکیا.
داوودئۆغلوو دەڵێت: ئێمە لە ساڵی 2009 دەستمان بە پرۆسە و چارەسەریی ئاشتی کرد، هۆکاری سەرنەکەوتنی پەیوەستە بە نەبوونی دیموکراسیەتێکی گشتگیر لە تورکیا، دەڵێت: بە بڕوای من وەک سیاسییەک، هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەکی ئایینی لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا لە تورکیا یەکسانن.
لەبارەی پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی(مەهەپە) بۆ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: دەبێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و کۆتایی بە تیرۆر بێت، سەردەم و پەڕەیەکی نوێ هەڵدرێتەوە، ئەو قسەیەی گرنگە، چونکە لە ڕابردوودا باخچەلی وەک کەسێکی نەتەوە پەرست دژی پرۆسەی ئاشتی بوو.
ئۆغلوو گوتی: بەدرێژایی کاری سیاسی و ئەکادیمیم، هەمیشە بەرگرییم لە باشترین پەیوەندیی کردووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان وەک پردێکی پەیوەندیی نێوان تورکیا و عێراقە، بوونی پەیوەندییەکی باش لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، یارمەتیی باشتربوونی دۆخەکە و پرسی کورد لە ناوچەکە دەدات.
سەرۆکی پارتی ئایندە دەڵێت: کاتێک وەزیری دەرەوەی تورکیا بووم، پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا زۆر باشبوون، لە 2009 دا 52 ڕێککەوتنیان لەگەڵ سووریا واژوو کرد، هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات ئاشکرا دەکات.
داوودئۆغلوو گوتی: لە ساڵی 2009 کاتێک وەزیری دەرەوەی تورکیا بووم، 52 ڕێککەوتنمان لەگەڵ سووریا واژوو کرد، دوای بەهاری عەرەبی لە 2011، حکوومەتی سووریا هێرشی کردە بەشێک لە شارەکان و چەکی کیمیایی دژی خەڵک بەکارهێنا، بۆیە پەیوەندییەکان تێکچوون.
داوودئۆغلوو تیشکی خستە سەر ئۆپەراسیۆنەکانی سەر خاکی سووریا و گوتی: ئەگەر لە دەسەڵات بوومایە، پێشنیازی ئۆپەراسیۆنی دیکەم نەدەکرد و پێم باش نەدەبوو، بەڵکو هەوڵم دەدا قەیرانی سووریا بە ئاشتی چارەسەر بکەم، بەڵام ئەگەر مەترسیی ئەمنیی هەبێت، تورکیاش مافی خۆیەتی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر.
لەبارەی هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ئەحمەد داود ئۆغلۆ گوتی: ترەمپ کاراکتەرێکی سیاسییە و کارەکانی پڕن لە سوپرایز و سەرسوڕمان، دەزانن کە ئەمەریکا دامەزراوەی هەیە بۆ دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە، بەڵام ترەمپ لە خوولی پێشوودا چەند جارێک لە سەرووی دامەزراوەکانەوە بڕیاری دەدا.
ئەحمەد داوودئۆغلوو لە ساڵی 2009 تا ساڵی 2014، وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە، لە 2014 تاکو 2016سەرۆک وەزیرانی تورکیا بووە، ئێستا سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیایە.