ئەرشیفێکی سوپای ئیسرائیل: ڕابین لەگەڵ چارەی کێشەی عەرەب "فەڵەستین"ـدا بوو

یاسر عه‌ره‌فات، سه‌رۆكی به‌ره‌ی ڕزگاریخوازی فه‌ڵه‌ستین و ئیسحاق ڕابین، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل/ 1993
یاسر عه‌ره‌فات، سه‌رۆكی به‌ره‌ی ڕزگاریخوازی فه‌ڵه‌ستین و ئیسحاق ڕابین، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل/ 1993

ئه‌رشیفی سوپای ئیسرائیل بۆ یه‌كه‌م جار تۆمارێكی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیریی به‌رگریی پێشووتری ئیسرائیل بڵاو ده‌كاته‌وه‌، كه‌ تێیدا به‌ پێویستی ده‌زانێت له‌ ڕێگه‌ی دیپلۆماسی و سیاسییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ڕێك بكه‌ون.

ئیسحاق ڕابین، سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیریی به‌رگریی پێشووتری ئیسرائیل كه‌ له‌ 4ـی تشرینی دووه‌می 1995 له‌ لایه‌ن توندڕه‌وێكی جوو به‌ ناوی ئیگال عامیر تیرۆر كرا، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 1993 به‌شدارییه‌كی كارای له‌ مۆكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئۆسلۆ له‌ نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی فه‌ڵه‌ستین كرد، ساڵی 1994 خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێ به‌خشرا.

سوپای ئیسرائیل له‌ 29ـه‌مین ساڵیادی تیرۆكردنی ڕابیندا، تۆمارێكی ده‌نگی له‌ ئه‌رشیفه‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 1974 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كاتێك سه‌رۆك وه‌زیران بوو له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ باڵاكانی سوپای ئیسرائیلدا، به‌ پێویستی ده‌زانێت كێشه‌ی ئیسرائیل – عه‌ره‌ب له‌ ڕێگه‌ی سیاسی و دیپلۆماسییه‌وه‌ چاره‌ بكرێت و به‌ دووری زانیوه‌ میكانیزمی سه‌ربازیی به‌ ته‌نیا بتوانێت ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌ بكات.

دوای ئه‌وه‌ی ڕابین تیرۆر كرا،  "دەزگای پاراستنی ئیسرائیل/ شاباك – شین بێت (Shin Bet)"، وه‌كوو یه‌كێك لە سێ ڕێکخراوە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی ھەواڵگریی ئیسرائیل، لەگەڵ ئامان (ھەواڵگری سەربازی) و مۆساد (دەزگای ھەواڵگری گشتی)، ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌یه‌كی توند بووه‌وه‌ تا به‌وه‌ گه‌یشت سه‌رۆكه‌كه‌ی له‌ كار لا بدات.

ڕابین یه‌كێك بوو له‌ سه‌رباز و ئه‌فسه‌ره‌ دێرینه‌كانی سوپای ئیسرائیل، دوو جار پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی وه‌رگرت، یه‌كه‌میان له‌ نێوان ساڵانی 1974 – 1977 و دووه‌میان له‌ ساڵی 1992 تا ئه‌و كاته‌ی له‌ 4ـی تشرینی دووه‌می 1995ـدا تیرۆر كرا.