سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دەداتە دانیشتوانی گەڕەکێکی باشووری بەیروت

ئەمڕۆ هەینی، 15ـی تشرینی دووەمی 2024، سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دەداتە دانیشتوانی ناوچەی غوبەیری لە گەڕەکی باشووری بەیروت و داوای لێکردن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن وەک ئامادەکارییەک بۆ بۆمبارانکردنی ناوچەکە.

ئەڤیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بۆ هەموو دانیشتوانی ناوچەی غوبەیری ئێوە لەنزیک دامەزراوە و بنکەکانی حزبووڵلا نیشتەجێبوون، لە ئایندەیەکی نزیکدا هێزەکانی ئیسڕائیل بە زەبری هێز ئەو ناوچەیە بۆمباران دەکات، بۆ سەلامەتی خۆتان و ئەندامانی خێزانەکانتان، دەبێت ئەم ناوچانە چۆڵ بکەن و ئەوانەی لە تەنیشتیانن دەست بەجێ دووربکەونەوە لێیان بە مەودای کەمتر لە 500 مەتر.

دوێنێ پێنجشەممە، گەڕەکی باشووری بەیروت هێرشێکی توندی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر بەتایبەتی ناوچەی حارە حریک و بورج بەراجنە.

مێدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لیزا جۆنسن، باڵیۆزی ئەمەریکا لە لوبنان نووسراوێکی داوەتە نەبیە بێری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان کە "پێشنیاری ئاگربەست"ی تێدا بووە.

هەروەها مێدیاکانی لوبنان دەڵێن: جۆنسۆن نووسراوی ڕێککەوتنەکە، یان ئەوەی پێی دەوترێت پێشنیاری چارەسەری، بە ناوی ئامۆس هۆکشتاین، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ لوبنان، ڕادەستی نەبیە بێری سەرۆکی پەرلەمان کرد و ئەم نووسراوی ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای بڕیارنامەی 1701، بەبێ هیچ زیادکردنێک یان کەمکردنێک بووە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment