ئەکبەر حەیدەر: دەبوو ماددەی 140 جێبەجێ بکرایە دواتر سەرژمێری دانیشتوان بکرێت

بەرپرسی لقی 15ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ترسی حزب و لایەنە سیاسییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە دەبوو ماددەی 140 تاکوو ئێستە جێبەجێ بکرایە، ئینجا سەرژمێری دانیشتوان بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی 15ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ترسی ئێمە وەکو حزب و لایەنە سیاسییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە دەبوو ماددەی 140 تاکوو ئێستە جێبەجێ بکرایە و دواتر قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی ماددەی 140 جێبەجێ دەکرا، ڕاپرسی بکرایە لەم ناوچانە و چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلایی دەبۆیەوە.

ئەو بەرپرسەی لقی 15 دەڵێت: "ئێمە وەکو کورد تەواوی بڕوامان ئەوەیە کە تەواوی ئەم ناوچانە کوردستانین، بۆ خولەکێک و کاتژمێرێک و چەند ساڵێک هیچ کەس ناتوانێت ئەم ناوچانە لە کوردستان داببڕێنێت". 

دەشڵێت: "ترسی ئێمە ئەوەیە کە دەبوو ئەم ناوچانە ئاسایی بکرایانەوە، ئینجا بڕیار لەسەر سەرژمێری بدرایە بۆ ئەوەی ئەو هەزاران ئاوارەیەی لە ڕابردوودا ئاوارە بوون بە هۆکاری جیا جیا، هەمووان بگەڕاناییەتەوە بۆ زێدی باب و باپیری خۆیان، دواتر ئەم سەرژمێرییە بکرایە بۆ ئەوەی  دادپەروەری لە سەرژمێرییەکە ڕەچاو بکرایە و تێدا جێبەجێ بکرایە".

ئەکبەر حەیدەر ڕاشیگەیەند، "لە سنووری ئێمە بە دوو قۆناغ لە جەلەولا، خانەقین، مەندەلی، قەرەتەپە، سەعدییە و جەبارە لەگەڵ شارۆچکەکانی دیکە کە ئاوارە بوون، لە دوای نسکۆی شۆرشی ئەیلوولی مەزن لە ساڵی 1975، هەردوو شارۆچکەی قۆرەتوو، مەیدان بەسەرجەم گوندەکانی تەرحیل و تەعریب کران، دوای هەموو ئەمانە خەڵکی ئەو ناوچانە گەڕانەوە، لە کەلار، گەرمیان و باوەنوور نیشتەجێبوون، ئەگەر سەیری هەموو شارۆچکە و گوندەکان بکەین زۆر بەکەمی خەڵکی گەراوەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، واتە ڕێژەی گەرانەوەی خەڵکی بۆ گوندەکان ناگاتە %10."

 
 
Fly Erbil Advertisment