حەماس ئامادەی ئاگربەستە

حەماس داواکارە ترەمپ فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە

سەرکردەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی بزووتنەوەکەی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیاند و داوا لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ پابەند بوون بە ئاگربەست.

باسم نەعیم ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ هەینی 15ی تشرینی دووەمی 2024، بە ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی ڕاگەیاندووە، ئامادەی هەر پرۆژەیەکی ئاگربەستن لە کەرتی غەززە، بە مەرجێک ئیسرائیلیش پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت.

سەرکردەکەی حەماس داواشی لە ئیدارەی ئەمەریکا و ترەمپ کردووە فشار بخەنە سەر حکوومەتی ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە و ناوچەکە و کۆتایی هێنان بە ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی فەلەستین.

ڕاشیگەیاندووە، حەماس هیچ پێشنیازێکی نوێی نابێت، تەنیا هەڵسەنگاندنی هەر پێشنیازێکی ڕاگرتنی شەڕ دەکەن، ئەگەر پێشکەشیان بکرێت.

باسم نەعیم دەڵێ: لایەنە نێوەندگیرەکانیان ئاگادارکردووتەوە، لەگەڵ هەر دەستپێشخەری و پرۆژەیەکن لە پێناو ڕاگرتنی شەڕ، کە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، ڕێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، لەگەڵ ئاڵوگۆڕکردنی دیل و گیراوەکان و ڕێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لەگەڵ دەسپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە غەززە لە خۆ بگرێت.

زیاتر لە ساڵێکە شەڕی غەززە بەردەوامە، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، 251 کەسیان لە ئیسرائیل ڕفاند، بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی ئیسرائیل تاوەکوو ئێستاش 97 ڕفێندراو لە دەستی چەکدارانی حەماسدا ماون، هەربۆیە تاوەکوو ڕزگارکردنیان شەڕ ڕا ناگرین.