پەرلەمانی عێراق پاڵپشتیی لە پرۆسەی سەرژمێری دەکات

پەرلەمانی عێراق پاڵپشتیی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان دەکات و، دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش، هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆ دەبێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 15ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کە پەرلەمان پاڵپشتیی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە وڵاتەکە دەکات.

هاوکات سەرۆکایەتی پەرلەمان داوا لە پەرلەمانتاران دەکات، کە هاووڵاتییان هان بدەن بۆ ئەوەی لە ناوچەکانیان هاوکاری تیمە مەیدانییەکانی وەزارەتی پلاندانان بکەن بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، دوای تەواوبوونی پرۆسەی سەرژمێری، هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆ دەبێتەوە.

پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە ڕۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیش بەڕێوە دەچێت، هەروەها لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت لە سەرتاسەری وڵات.

بەپێی زانیارییەکانی پلاندانانی عێراق، نزیكەی 120 هەزار ژماردەر بەشداریی پرۆسەکە دەكەن، هەروەها ئەم سەرژمێرییە بۆ زانینی ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتووان و بارودۆخی ژیانیانە.