وەزیرێکی سووید فۆبیای بە مۆز هەیە

ڕۆژنامەکانی سووید ڕایانگەیاندووە، داوا کراوە کە بە هیچ شێوەیەک مۆز لەو شوێنە دانەنرێت کە وەزیری یەکسانی ڕەگەزیی وڵاتەکەی لێیە، بەهۆی ئەوەی فۆبیای بە میوەکە هەیە.
ئەمڕۆ هەینی 15ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕۆژنامەکانی سووید بڵاویان کردووە، پاولینا براندبێرگ، وەزیری یەکسانی ڕەگەزیی لە سووید فۆبیای بە مۆز هەیە، بۆیە بەرپرسانی وڵاتەکە داوایان کردووە کە ژووری کۆبوونەوەکان مۆزی لێ دانەنرێت.
ڕۆژنامەکان ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، کە وەزیرەکە بە مۆز تووشی هەستیارییەکی بەهێز دەبێت و بۆیە فۆبیای بە میوەکە هەیە.
لای خۆیەوە، پاولینا براندبێرگ، وەزیری یەکسانی ڕەگەزیی لە سووید، لە وەڵامی ڕۆژنامەکاندا ڕایگەیاندووە، بۆیە فۆبیای بە بینینی مۆز هەیە چونکە بە مۆز تووشی هەستیاری دەبێت. هەروەها دەڵێت: ئێستا هەوڵ دەدات ڕووبەڕووی ئەم فۆبیایە بێتەوە و چارەسەر وەربگرێت.
پاولینا براندبێرگ لە ساڵی 2020 لە ماڵپەڕی ئێکس پۆستێکی کردبوو و ڕایگەیاندبوو: کە تووشی نامۆترین جۆری فۆبیای جیهان بووە، کە بریتییە لە فۆبیای مۆز.
فۆبیای مۆز یەکێکە لە جۆرە فۆبیا دەگمەنەکان، کە کەسەکە بەهۆی بینین یان بۆنکردنی میوەکەوە تووشی هەستیاری دەبێت، یان تووشی دڵەڕاوکێ و سکچوون دەبێت.
بەگوتەی هەندێک لە پسپۆڕان، نیشانەکانی فۆبیای مۆز بریتین لە؛ ڕشانەوە، سکچوون، تێکچوونی گەدە و ڕیخۆڵە، لێدانی خێرای دڵ، ئارەقکردنەوە، سەرگێژخواردن و هەستکردن بە خنکان.