کێشەی ژن و مێردێکی ئیسرائیلی لەگەڵ خاوەنی هۆتێلێکی ئیتالیا هەرا دەنێتەوە
"ئیسرائیلییەکان بەرپرسیارن لەو هەموو تاوانی کوشتنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە لە هۆتێلەکەی ئێمە شوێنیان نابێتەوە"

بەڕێوەبەری هۆتێلێکی بچووک لە باکووری ئیتالیا، ئامادە نەبوو ژوورێکی هۆتێلەکەی بداتە ژن و مێردێک دوای ئەوەی کە زانی ئیسرائیلین.
بەڕێوەبەری هۆتێلی گارنی ئۆنگارۆ لە باکووری ئیتالیا، بەکرێدانی ژوورێکی بە ژن و مێردێک ڕەت کردەوە، دوای ئەوەی کە زانی ئیسرائیلین، لە نامەیەکدا پێیانی ڕاگەیاند: ئیسرائیلییەکان بەرپرسن لەو کۆمەڵکوژییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئێوە لێرە پێشوازیتان لێ ناکرێت و شوێنتان نابێتەوە.
ژن و مێردەکە، سەرەتای ئەم مانگە، بۆ دوو شەو ژوورێکیان لە هۆتێلەکە لە ڕێگەی ماڵپەڕی بوکینگ بە شێوەی ئۆنلاین بەکرێ گرتبوو، بەڵام ڕۆژێک پێش گەشتنیان بە هۆتێلەکە پەیامێکیان لەلایەن ستافی هۆتێلەکەوە پێ گەیشت.
لە پەیامەکەدا هاتبوو "بەیانیتان باش، ئاگادارتان دەکەینەوە کە ئیسرائیلییەکان بەرپرسیارن لەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، لە هۆتێلەکەی ئێمە پێشوازیتان لێ ناکەین و جێگەتان نابێتەوە و پارەکەتان بۆ دەگەڕێنینەوە، سوپاس،"
ئەم کارەی خاوەن هۆتێلەکە کاردانەوەی لێ کەوتەوە. لای خۆیەوە داریۆ کالیمانی، سەرۆکی ڕەوەندی جووەکان لە ڤێنیزیای ئیتالیا، گوتی: "بەهۆی ئەو نەزانین و ناڕۆشنبیریەی هەندێک کەسەوە، هەست بە دڵتەنگی دەکەم."
هاوکات گوتیشی: "ئەو کارەی خاوەن هۆتێلەکە جۆرێکە لە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە دژی ئیسرائیلییەکان."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلی سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد و ڕایگەیاند: " لەگەڵ حکوومەتی ئیتالیا لێکۆڵینەوە بۆ ئەم کێشەیە دەکەین."