لە بەدلیس هەموو جۆرە چالاکییەک قەدەغە کرا

پارێزگاری بەدلیس: هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەک ڕێگە پێدراو نییە

پارێزگاری بەدلیس لە بارەی بڕیار قەدەغەی چالاکیی مەدەنی لە سنووری پارێزگاکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی داوە "لە ئەمڕۆ شەممە 16ی تشرینی دووەمی 2024، بۆ دوو ڕۆژ گردبوونەوە و خۆپیشاندان و هەر جۆرە چالاکییەکی دیکە قەدەغەیە."

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای بەدلیس هاتووە "بۆ ڕێگریی لە هەر کردەوەیەکی تاوانکاری و تیرۆریستی، هاوکات بۆ پارێزگاری لە ماف و ئازادییەکانی کەسانی دیکە، لە پێناو ڕێگریی لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی، هەموو گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە گۆڕەپانەکان قەدەغەیە."

هەروەها ئاماژەی داوە "هەر شێوازێکی خۆپیشاندان، بڵاوکراوەی مێدیایی، کەمپینی مانگرتن، دانانی سەکۆی بانگەشە و هەر جۆرێکی دیکەی چالاکی، لە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆەوە قەدەغە دەبێت و بۆ دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت."

دووشەممە 4ی ئەم مانگە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دوورخستنەوەی هەر یەک لە سەرۆک شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەتی لە باکووری کوردستاندا و بە قەیووم پۆستەکانی پڕ کردەوە.

لە دژی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین چالاکی ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانییەکانی هەر سێ شارەکەی باکووری کوردستان بەڕێوە چوون و لایەنگرانی دەم پارتی داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکان دەکەن.