وەزیری پلاندانانی عێراق: سەرژمێریی گشتی نەخشەی گەشەپێدانی عێراق دەکێشێت

محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق
محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق

لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری پلاندانانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سەرژمێریی پەیامێکە بۆ سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئەمنی و ئابووریی وڵات."

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق لە زاری محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە "سەرژمێریی دانیشتووان یەکەم سەرژمێریی گەشەپێدانی گشتگیرە بۆ عێراق لە دوای 37 ساڵ دەکرێت، هەربۆیە سەرژمێریی پەیامێکە بۆ سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئەمنی و ئابووریی وڵات."

 وەزیری پلاندانان ڕاشیگەیاندووە "سەرژمێریی نەخشەی گەشەپێدان و دابینکردنی خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان بۆ هاووڵاتییان و حکوومەت و حکوومەتەکانی داهاتوو دەکێشێت، جیا لەوەی ئامار و زانیارییەکانی سەرژمێری دەتوانێت گەشە و  داهاتووێکی شایستەتر  بۆ عێراقییەکان و سەقامگیرییەکی باشتر بۆ کۆمەڵگە دەستە بەر بکات."

هەروەها سوپاسی کارمەندانی وەزارەتی پلاندانان، پەروەردە، دەزگا ئەمنییەکانی دەکات بۆ ئەو هەوڵانەی بۆ جێبەجێکرنی پرۆسەی سەرژمێریی کردووەیانە و دەڵێت: "سەرژمێری دانیشتووان لە ئەولەویاتی کارنامەی حکوومەتدایە، چونکە ئەمە یەکەم سەرژمێرییە کە وەزارەتی پلاندانان جێبەجێی دەکات."

بڕیارە 20 و 21ی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەڕێوە بچێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment