جۆو بایدن: هاوپەیمانی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیا مەترسیدار و ناسەقامگیرە
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لەکاتی دیدارێکیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، شیگرۆ ئیشیبا و سەرۆکی کۆریای باشوور، یۆن سوک یول، باسی هاوکارییەکانی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیای کرد و بە "مەترسیدار و ناسەقامگیر" وەسفی کرد.
بایدن، لە پەراوێزی لووتکەی ئاسیا و ئۆقیانووسی هێمن کە لە شاری لیما پایتەختی پیرۆ بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ هەردوو سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن و سەرۆکی کۆریای باشوور کۆبووەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەسەر پەرەسەندنی هاوبەشی سەربازیی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیا زیاتر بووە.
لە دیدارەکەدا، بایدن ستایشی هاوبەشی نێوان ژاپۆن و کۆریای باشووری کرد، کە لە ڕێگەی ئەمەریکاوە، کار بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکان و ئابوورییەکان دەکەن، سەرەڕای زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
بایدن لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ شیگیرو ئیشیبا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن و یۆن سوک یول سەرۆکی کۆریای باشوور، گوتی: "ئێستا گەیشتوینەتە ساتێکی گۆڕانی سیاسی گەورە."
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد "هاوپەیمانی سێ قۆڵی بۆ بەردەوامیی بنیات نراوە، ئەمە ئەوەیە کە من هیوادارم و چاوەڕێی دەکەم."
کۆشکی سپی ڕایگەیاند "هەر سێ سەرکردەکە، دامەزراندنی سکرتاریەتیی گشتی بۆ بە فەرمی کردنی ئەو هاوپەیمانییە ڕادەگەیەنن، کە ساڵی ڕابردوو لە لووتکەیەکدا کە لە کامپ دەیڤد بەڕێوەچوو دەستی پێ کرد."
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە سەرنج دەخەینە سەر دڵنیابوون لەوەی کە هاوپەیمانی سێ قۆڵی بە دامەزراوەیی دەکەین بۆ ئەوەی ببێتە تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی لە سیاسەتی ئەمەریکادا."
ڕاشیگەیاند "پێشبینی دەکات پڕۆژەکە لە ماوەی خولی دووەمی ترەمپ بەردەوام بێت."
پیشتر واشنتۆن ڕایگەیاندبوو "کۆی گشتی هێزەکانی کۆریای باکوور کە ئێستا لە ناوچەی کورسکی ڕووسیادا بڵاوکراونەتەوە، نزیکەی 10 هەزار سەربازە".
شارەزایانیش پێیان وایە، کۆریای باکوور لە بەرامبەر ئەمەدا، تەکنەلۆجیای سەربازی وەردەگرێت، لە مانگی دەستکردی چاودێرییەوە تا ژێردەریایی، جگە لە ئەگەری گەرەنتی ئەمنی لە مۆسکۆوە.