سبەینێ لە چەند ناوچەیەک بە کردەیی پرۆسەی سەرژمێریی دەست پێ دەکات

مەحموود عوسمان، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق، بۆ کوردستان24ی ڕاگەیاند "بەهۆی درێژکردنەوەی ڕاهێنان بە بژمێرانی پرۆسەکە، سبەی یەکشەممە بەشێوەیەکی کردەیی سەرژمێری گشتیی لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکرێت."

سەرۆکی دەستەکە گوتیشی: "بڕیار بوو لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 16ی تشرینی دووەمی 2024، پرۆسەکە بەکردەیی دەست پێ بکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کارەکان بەباشی بەڕێوە بچن و ڕاهێنانی زیاتر بە بژمێرەکان بکرێت، پرۆسەکە بۆ سبەی دوا دەکەوێت."

هەروەها ڕوونی کردوە و دەڵێت: "وەزارەتی پەروەردە هاوکارییەکی تەواوی دەستەی جێبەجێکاری سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بووە و زیاتر لە هەشت هەزار مامۆستا لە پرۆسەکە بەشدار دەبن، بەڵام بەهۆی کەمی ژمارەی بژمێرەکان پێویستیمان بە 21 هەزار کادیری دیکە هەبووە و بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن پەکی نەکەوێت، دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ بژمێرانی پرۆسەکە وەرگیراون و ئەمڕۆکەش مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت، هەربۆیە دەستپێکردنی کردەیی پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سبەینێ."

سەبارەت بە دەستپێکردنی سەرژمێریی لە عێراق، مەحموود عوسمان سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتی گوتی: "ئەوەی لە عێراق دەستی پێ کردوە تەنیا ئاشناکردنی ستافی بژمێرەکانە بە پرۆسەکە و بلۆکەکان، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەبێ گرفت بەڕێوە بچێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە، ئیبراهیم ڕەحمان، سەرپەرشتی هونەریی سەرژمێریی لە پارێزگای هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە شێوەی کردەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و لە سنووری هەولیر، پرۆسەی سەرژمێری، 15 قەزا و 46 ناحیە، 735 گەڕەک و هەزار و 350 گوندی سنووری پارێزگای هەولێر لەخۆ دەگرێت و بەسەر 10 هەزار و 107 بلۆکدا دابەش کراون." 

ئیبراهیم ڕەحمان ئاماژەی بەوەش کرد "زیاتر لە 10 هەزار بژمێر پرۆسەی سەرژمێری بەڕێوە دەبەن و لە قۆناغی یەکەمدا، لە 16 تاوەکوو 19ـی مانگ، سەردانی هەموو یەکەکان دەکەن بە شوێنە نیشتەجێبوون و نانیشتەجێبوونەکان."