نرخی دەمامك دیاردەكرێت

ھەر كەسێك لەم نرخە زیاتر بفرۆشرێت سزا دەدرێت

K24 - ھەولێر

نرخێكی جێگیر بۆ دەمامك دیار دەكرێت و ھەركەسێك لەو نرخە زیاتر بیفرۆشێت سزا دەدرێت، ژمارە تەلەفۆنێكیش بڵاو دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان لە ھەرشوێنێك زانیان نرخەكە بەرزكراوەتەوە پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدارەوە بكەن.

ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە بەدواداچوونەكانماندا بۆمان دەركەوت كە نرخی دەمامك بەرزكراوەتەوە، ھەندێك خەڵك ئەو دۆخەیان وەك ھەلێك قۆستووەتەوە، بۆیە بە ھاوكاری پارێزگار و كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان، توانیمان لەگەڵ كارگەیەكی دروستكردنی دەمامك لە ھەولێر بگەینە لێكتێگەیشتن، كە نرخی ھەر پاكەتێك دەمامك لە 14 ھەزارەوە بۆ 10 ھەزار دینار دابەزێنرا. داوا لە ھاووڵاتییان دەكەین كە پاكەتی دەمامك لە 10 ھەزار دینار زیاتر نەكڕن".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو كارگەیەی لەگەڵی گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن ھەموو پێداویستیەكی خۆپارێزیان ھەیە".

بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی ھەولێر راشیگەیاند: "ھەڵمەتی بەدواداچوون بەردەوام دەبێت و ھەر ھاووڵاتییەك زانی لە شوێنێك نرخی دەمامك زیاترە لە 10 ھەزار دینار دەتوانێت پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی 07508918489 بكات، بۆ ئەوەی لیژنە و تیمەكانمان بەدواداچوون بۆ سكاڵاكانیان بكەن، لە ھەرشوێنێك نرخەكە بەرز بكرێتەوە و قورخكاری بكرێت، سزای ئەو كەسانە دەدرێت".

Fly Erbil Advertisment