تیمی سەرژمێری لە خورماتوو: داواکارین هاووڵاتیان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

"نازانین لە داهاتوودا حکوومەتی عێراق، ئەو پرۆسەیە بە چ نیازێک بەکار دەهێنێت"

تیمی سەرژمێری لە دوزخورماتوو ڕایدەگەیەنێت: "ئەو خێزانانەی ئێستە ئاوارەن دەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان بۆ ئەوەی ناویان لە پرۆسەکە تۆمار بکرێت."

کارمەندێکی تیمی سەرژمێری لە خورماتوو بەناوی حوسێن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەو خێزانانەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن و ئێستە ئاوارەن، دەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان بۆ ئەوەی ناویان لە سەرژمێری کردنەکە تۆمار بکرێت."

گوتیشی: "ئێمە لە سەرژمێرییەکە تەنیا پێوستمان بە یەک کەسە لە ئەندامانی ئەو خێزانە کە خۆی بێتەوە شوێنی خۆی و کارتی نیشتیمانی هەموو ئەندامانی خیزانەکە لەگەڵ خۆی بهێنێت تاوەکوو تۆمار بکرێت، واتە پێویست ناکات هەموو ئەندامانی ئەو خێزانە ئامادەبن." 

ئەو کارمەندەی سەرژمێری هۆشداریشی دا لەوەی "ناوەکان لە 16-11 تاوەکوو 19-11 زیاد دەکرێت، بەڵام لە 20 و 21 مانگ ناتوانن ناو زیاد بکەن."

باسی لەوەش کرد "هیوادارم ئەوانەی تاوەکوو ئێستە نەگەڕاونەتەوە، بگەڕێنەوە تاوەکوو بێبەش نەبن لە پرۆسەی سەرژمێریی، چونکە ئێمە نازانین لە داهاتوودا حکوومەتی عێراق، ئەو پرۆسەیە بە چ نیازێک بەکار دەهێنێت."