بە تۆمەتی "دەستدرێژیی سێکسی" پێداچوونەوە بە کاندیدکردنی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەکرێت

پیت هێگسێت، كاندیدی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا بۆ وه‌زیری به‌رگریی به‌رگری
پیت هێگسێت، كاندیدی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا بۆ وه‌زیری به‌رگریی به‌رگری

سه‌رچاوه‌ مێدیاییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كاندیدی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌و وڵاته‌ به‌هۆی تۆمه‌تێكه‌وه‌، پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ی كاندیدكردنه‌كه‌ی ده‌كرێت.

شه‌ممه‌، 16ـی تشرینی دووه‌می 2024، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی مێدیای ئه‌مه‌ریكی بڵاویان كرده‌وه‌، پیت هێگسێت، پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوزی ئه‌مه‌ریكی كه‌ له‌ لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگریی ده‌ستنیشان كراوه‌، به‌هۆی تۆمه‌تێكه‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ی كاندیدكردنه‌ی ده‌كرێته‌وه‌.

مێدیای ئه‌مه‌ریكی باسیان له‌وه‌ كردووه‌، به‌رپرسانی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا ئاشكرایان كردووه‌، هێگسێت ساڵی 2017 به‌ تۆمه‌تی ده‌ستدرێژیی سێكسییه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه‌.    

له‌ لای خۆیه‌وه‌ پارێزه‌ری تایبه‌تی هێگسێت، جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌، پۆلیس له‌ میانی پشكنینه‌كاندا هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ بسه‌لمێنێت هێگسێت ده‌ستدرێژی سێكسی كردبێته‌ سه‌ر كه‌سێك.   

چوارشه‌ممه‌، 13ـی تشرینی دووه‌می 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند، 'پیت هێگسێت' پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوز وەک وەزیری بەرگری لە حکوومەتەکەیدا دەستنیشان دەکات.

ترەمپ لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "شانازی دەکەم کە ڕایدەگەیەنم 'پیت هێگسێت' بۆ پۆستی وەزیری بەرگری کاندید دەکەم، پیت کەسێکی توند و زیرەک و باوەڕی بە دۆخی ئەمەریکا هەیە، دوژمنانی ئەمەریکا دەزانن کە هێزەکانمان جارێکی تر مەزن دەبێتەوە".

هێگسێت لە سوپای ئەمەریکا لە گوانتانامۆ و عێراق و ئەفغانستان کاری کردووە، لە ساڵی 2003 تا 2012 بەردەوام بووە و وەک "هەڵۆی جەنگ" وەسف دەکرێت، بەو پێیەی لایەنگرێکی بەهێزی ئیسرائیلە و پێی وایە ئیسرائیل دەبێت "غەززە لەناو ببات"، هاوکات پێشتر داوای لە ئەمەریکا کردبوو ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێران. 

پیت هێگسێت بۆ ماوەی 8 ساڵ وەک پێشکەشکاری بەرنامە لە کەناڵی فۆکس نیوز کاری کردووە.